کوشتنی ره‌شپێستێكی تر له‌ ئه‌مریكا کاردانەوەی لێکەوتەوە

‌لە ڤیدیۆکە وەرگیراوە

وێستگه‌ نیوز ـ
تەنیا چەند رۆژێکی کەم بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ماوە و دووبارە بەهۆی کوشتنی رەشپێستێکی دیکەوە لەسەر دەستی پۆلیس، خۆپیشاندان و توندوتیژی دروستبووەوە.


وەکو لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، دوای ئەوەی چەند پۆلیسێکی شاری فیلادلفیای سەر بە ویلایەتی پێنسلڤینیا داوا لە واڵەتر واڵاس دەکەن چەقۆکەی دانێت به‌ڵام ئه‌و به‌ گوێیان ناكات، دواتر تەقەی لێدەکەن و دەیکوژن.

پۆلیس دەڵێت، "کوژراوەکە بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی پۆلیس و رەتیکردووەتەوە خۆی بەدەستەوە بدات و بەوهۆیەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە".

هاوکات، شاکا جۆنسن، پارێزەری خانەوادەی کوژراوەکە بە میدیاکانی ئەمریکای راگەیاندووە، "لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە دەکەین و واڵاس نەخۆشیی دەروونی هەبووە و بە ناڕەوا کوژراوە".

دوای کوژرانی ئەو رەشپێستەش، دووبارە رووبەڕوبوونەوە لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا روویداو بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، لە رووبەڕوبوونەوەکاندا 30 پۆلیس برینداربوون و 91 کەسیش بە تۆمەتی تاڵانکردن و سووتاندنی فرۆشگەکان دەستگیرکراون.

بڕیارە لە رۆژی 3ی مانگی داهاتوو، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەبچێت و ئەو رووداوەش کاریگەریی لەسەر دەنگدانەکە دەبێت کە تیایدا هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ، 45 هەمین سەرۆکی ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان، جۆبایدن، کاندیدی دیموکراتەکان، کێبڕکێ لەسەر بوون بە 46 هەمین سەرۆکی ئەمریکا دەکەن.

رۆژی 25ی ئایاری 2020، جۆرج فلۆید، لەبەردەم دوکانێک لە شاری مینیاپڵس لە ویلایەتی مینیسۆتا لە ئەمریکا لەژێر قاچی پۆلیسێک گیانی لەدەستدا و ئەو رووداوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.


AM:11:01:28/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 3324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو