له هه‌ولێر یه‌كه‌م هاوڵاتی له‌سه‌ر نه‌به‌ستنی ده‌مامك سزا درا و پسوڵه‌یه‌كی 20 هه‌زاریی بۆ كرا
وێستگه نیوزـ
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ، جێگری پارێزگاری هەولێر ریگه‌یاند هەر هاوڵاتییەك لە شاری هەولێر و قەزا و ناحیەكانی سەر بەپارێزگاكە، له‌كاتی چونه ده‌ره‌وه‌دا ده‌مامك نه‌به‌ستێت، بەبڕی 20 هەزار دینار غەرامە دەكرێت، هه‌ر ئه‌مڕۆ سزاكه جێبه‌جێ كرا و هاوڵاتییه‌ك به‌و بڕه پاره‌یه غه‌رامه كرا.
به‌پێی ئه‌و پسپوڵه‌یه‌ی له‌لایه‌ن پۆلیسی رێككاری سه‌ربه به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی هه‌ولێره‌وه بۆ هاوڵاتییه‌ك كراوه و وێنه‌یه‌كی ده‌ست وێستگه نیوز كه‌وتوه، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه له‌دوای بڕیاردان بۆ سزادانی ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی له ده‌ره‌وه ده‌مامك نابه‌ستن، سزای هاوڵاتییه‌ك به 20 هه‌زار دینار دراوه.
له پسوڵه‌كه‌دا ناوی هاوڵاتییه‌كه ده‌رنه‌كه‌وتوه، به‌ڵام بڕی سزاكه دیاری كراوه كه 20 هه‌زار دیناره و هۆكاره‌كه‌شی پابه‌ندنه‌بوون بووه به نه‌به‌ستنی ده‌مامك، هاوكات پێده‌چێت كه ئه‌مه یه‌كه‌م هاوڵاتی بێت له‌سه‌ر پابه‌ندنه‌بوون به رێنمایی و بڕیاره‌كانه‌وه، سزا درابێت.
پێشتر هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هه‌ولێر به ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر هاوڵاتییه‌كه له‌وكاته‌دا ئاماده‌نه‌بوو بڕه پاره‌كه بدات ئه‌وا ده‌برێته نزیكترین بنكه‌ی پۆلیس له‌وێ ده‌ستبه‌سه‌رده‌بێت تا ئه‌وكاته‌ی بڕه غه‌رامه‌كه ده‌دات دواتر به‌ڵێننامه‌یه‌كی پێ پڕده‌كرێته‌وه و ئازاد ده‌كرێت، ئه‌وه‌شی وه‌ك جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ناوبردووه.
به‌رپرسه‌كه‌ی پارێزگای هه‌ولێر ده‌شڵێت: "له هه‌ر حاڵه‌تێكی پرسه و ئاهه‌نگ گێڕان له‌ماڵان و له‌شوێنێكی گشتی ئه‌وا پێ بژاردنیان پێده‌كرێت به دوو ملیۆن دینار"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، "ئێستا دۆخی هه‌ولێر له رووی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا مه‌ترسیدارتر بووه و ڤایرۆسه‌كه به ته‌واوی ته‌شه‌نه‌ی كردووه و له‌كۆنتڕۆڵ ده‌رچووه".
وتیشی: "چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌شی لای ئێمه ئه‌سته‌م بووه به‌تایبه‌تی له‌چاودێری چڕ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ئێستا شوێنیان نییه".
دوێنێ یه‌كشه‌ممه، ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هەولێر راگەیەنراوێکی 12 خاڵی بڵاوکردەوە ئاماژەی بەوەکردووە، هەرکەسێک پابەندی رێنمایەکان نەبێت سزادەدرێت و سەرجەم هۆڵه‌كانی ئاهه‌نگ گێران، هۆڵه‌كانی بووك گواستنه‌وه و سەرجەم کۆبوونەوەکانیشی قەدەغەکرد.
PM:06:43:26/10/2020
ئه‌م بابه‌ته 7436
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت