مەسرور بارزانی زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنای بە مەترسیدار ناودەبات


وێستگە نیوز-

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیادبوونی ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان بەمەترسیدار ناودەبات و داوای لەلایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە رێكارەكانی خۆپارێزی زیاتر بكەن.
‏‎
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەن ، كۆبوونەوەی هەفتانەی ئاسایی خۆی كرد.

‏‎مەسرور بارزانی، ئاماژەی بە زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی پەتای كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستاندا بە ئاستێكی مەترسیدار، كە هۆكارە سەرەكییەكەی پابەندنەبوونە بە ڕێكارەكانی خۆپاریزی و رێنمایی تەندروستی، سەرۆك وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد كە ڕێكارەكانی خۆپارێزیی و ڕێنمایی تەندروستی لە فەرمانگەكانی حكومەت و شوێنە گشتییەكان زیاتر لە بەرچاو بگرن و تووندتر بكەن ، بە تایبەتیش كە پێشبینی دەكرێ بە هۆی هاتنی وەرزی زستان و سەرما ، شەپۆلێكی دیكەی پەتای كۆرۆنا بڵاوببێتەوە.
 
‏‎هەروەها قوباد تاڵەبانی، جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، راپۆرتێكی لە‌بارە‌ی (پڕۆگرامی خزمە‌ت) خستە‌ڕوو، كە‌ لە‌كابینە‌ی پێشووە‌وە‌ دە‌ست بە‌كارە‌كانی كراوە‌‌، ئاماژە‌ی بە‌وە‌شدا كە‌ ئامانجی ئە‌م پڕۆژە‌یە‌، بریتییە‌ لە‌ باشتركردنی ئاستی ئە‌و خزمە‌تانەی كە‌ دامەزراوە جیاجیاكانی حكومە‌ت، پێشكە‌شی ھاووڵاتیانی دە‌كات بە جۆرێكی ئاسانتر وخێراتر و پێداچوونەوە بەو ڕەسمانەی وەردەگیرێن لەبەرامبەر پێشكەشكردنی ئەو خزمەتانە، بۆ ئە‌وە‌ی گونجاوتر بێت و كە‌مكردنە‌وە‌ی رووتین لە‌ڕێكارەكانی ڕاییكردنی مامەڵە لە دامودە‌زگاكانی حكومە‌ت و گە‌یاندنی زۆرترین زانیاری بە‌ھاووڵاتییان سەبارەت بە خزمەتەكان و پێداویستییەكانی بەجێگەیاندنیان، كە‌ ئە‌مە‌ بە‌شێكە‌ لە‌خزمە‌تی بە‌دیجیتاڵكردنی كاروبارە‌كانی حكومە‌ت.

قوباد تاڵەبانی، روونیكردەوە "مە‌بە‌ستمانە‌ لە‌ڕێی ئە‌م بە‌رنامە‌یە‌وە بە‌باشترین شێوە‌ خزمە‌تی ھاووڵاتییان بكە‌ین لە‌دامودە‌زگاكانمان تا ئە‌و ئاستە‌ی دە‌‌گاتە‌ خزمە‌تی( یە‌ك پە‌نجە‌رە‌یی )ش".

‏‎ھە‌روە‌ھا بڕیاردرا، ھە‌موو وە‌زارە‌ت و دامەزراوە‌كان، لە‌ژێر چاودێری سە‌رۆكایە‌تی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، پێداچوونە‌وە‌ بكە‌ن بە‌ یاسا ورێنماییەكانیان بۆ ئاسانتركردن وشەفافتر كردن و باشتركردنی كوالێتی پرۆسە و زانیارییەكانی پەیوەندیدار بە خزمەتەكان و پێداچوونە‌وە‌ش بە‌رسوماتی ئە‌و خزمە‌تانە بكرێت‌.

جێگری سە‌رۆك وە‌زیران ئاماژە‌ی بە‌وە‌شدا كە‌ پۆڕتاڵێك ھە‌یە‌ بەناوی پۆڕتاڵی خزمەت‌،  https://Services.gov.krd  لە‌ڕێی ئە‌م پۆڕتاڵەوە‌‌ ، ھاووڵاتییان دەتوانن زانیاری لە‌سە‌ر ئە‌و خزمە‌ت و ئە‌و مامە‌ڵە‌یە‌یان دە‌ستبكە‌وێت كە‌ مە‌بە‌ستیانە‌. ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران پاڵپشتی و پشتگیریی خۆی بۆ پە‌رە‌پێدان وجێبە‌جێكردنی ئە‌م پڕۆژە‌یە‌ نیشاندا و پێشنیارەكانیش پەسندكران.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، ئەنجومەنی وەزیران وەزیری بازرگانی وپیشەسازی ڕاسپارد لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری كۆمپانیاكان ئاسانكاریی بۆ تۆماری لقی براندە نێودەوڵەتیەكان لە ھەرێمی كوردستان بكەن بۆ ھاندانی كەرتی تایبەتی بیانی تا بەشداری لە بووژاندنەوەی بازاڕ و ئابووری ھەرێمی كوردستان بكەن، دوور لە ڕووتین و لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم تۆماری لقی كۆمپانیا باوەڕپێكراوە جیھانییەكان  لە ھەرێم.

لە بڕگەی دووەمدا كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، ڕاپۆرتێكی سەبارەت كێشە و گرفت و ئاستەنگەكانی كڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2020 لە لایەن حكومەتی فیدراڵییەوە خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی وئابووری و سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ كاری پێویست ڕاسپارد لەو بارەیەوە.


لە بڕگەی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵی و سەرچاوەكانی ئاو ، پێشنیارێكی خستەڕوو بۆ لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هەندێك ماددەی سەرەتایی كە لە دەرەوەی ھەرێمەوە ھاوردە دەكرێن بۆ پڕۆژە كشتوكالییەكان كە لەناوخۆدا بەرهەم نایەت، و ھەروەھا لێخۆشبوونی هاوردەكردنی ئامێری كشتوكاڵیی پێشكەوتوو لە ڕەسمی گومرگی بۆ ئەو كۆمپانیا تایبەتمەندانەی كە ئامادەن ئەو ئامێرانە هاوردە بكەن و بە مەرجی ئاسان و بە شێوازی قیست بۆ جووتیارانی ڕاستەقینە دابین بكرێن. 

دوای گفتوگۆ  ئەنجومەنی وەزیران لە چوارچێوەی ھێڵە گشتیەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەم، ڕەزامەندیدا لەسەر پێشنیارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ پشتگیریی جوتیاران و پڕۆژە كشتوكاڵیەكان، لەم پێناوەشدا هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و ناوخۆی ڕاسپارد بە ھەماھەنگیی لەگەل وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، كاری پێویست ئەنجام بدەن.

لە ھەمانكاتدا ئەنجومەنی وەزیران، بە گرنگی زانی كە پشتیگریی پیشەسازی كشتوكاڵیی بكرێت و هانی كەرتی تایبەت بدرێت بۆ دامەزراندنی بەرھەمھێنانی ئەو پێداویستیانە لە ناو ھەرێم لە جیاتی هاوردەكردنیان، وەك بنەمایەك بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆگرامی خزمەت و  كڕینەوەی گەنمی جووتیاران  لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵی لە ساڵی 2020 تاوتوێ دەكات. 



PM:04:36:21/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 1168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو