مه‌لا مه‌زهه‌ر له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی‌ بانكی‌ ڕه‌شید داوایه‌كی‌ به‌په‌له‌ ئاراسته‌ی‌ ژنانی‌ هه‌رێم ده‌كات

‌ مامۆستا مه‌لا مه‌زهه‌ر خۆراسانی



وێستگه‌ نیوز-

مەلا مەزهەر خۆراسانی، مامۆستای ئایینی لەبارەی بڕیارەکەی بانکی رەشید بۆ پێدانی 10 ملیۆن دینار بۆ ئەو کەسانەی ژنی دووەم دەهێنن دەڵێت، داوا لەو کەسانە دەکەم کە ئافرەتی قەیرە و بێوەژنن پشتگیری لە بڕیاری ئەو بانکە بکەن و بە گرنگییەوە لێی بڕوانن. 
 
مەلا مەزهەر خۆراسانی،  مامۆستای ئایینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپەلە داوادەکەم ئافرەتانی قەیرە و بێوەژن و ئەو پیاوانەی دەیانەوێت پرۆسەی زەواج دووبارە بکەنەوە بەرگری و پارێزگاری لە بانکی رەشید و کارمەندانی بکەن. 
 
مەلا مەزهەر ئاماژە بەوەش دەدات، ئەو بڕیارەی کە بانکی رەشید داویەتی "بڕیارێکی زۆر ژیرانە و راستە"، چونکە بەشێکی زۆر لە بێوەژن و قەیرانەکان رزگاریان دەبێت لە تەنیایی و لەبەرئەوە ئەو بڕیارە دەرمانی هەموو ئەو دەردانەیە کە کچانی قەیرە و ژنانی بێوەژن هەیانە.
 
ئەو مامۆستا ئایینییە داوایەکی ئاراستەی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، کە پێویستە ئەوانیش بەهەمان شێوەی حکومەتی عێراق بڕیارێکی لەم جۆرە بدەن "بۆ ئەوەی ژن و کچانی هەرێمی کوردستانیش لە قەیرەیی و بێوەژنی رزگاریان بێت."
 
مەلا مەزهەر پەیامێکی ئاراستەی کچانی گەنج لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، "ئەو بڕیارە بە هەند وەرگرن، چونکە ئەگەر بێت و بڕیاری لەم شێوەیە لە هەرێمی کوردستان نەدرێت، ئەوا ئەوانیش وەکو ئەو کچانەیان لێدێت کە ئێستا بەدەست قەیرەییەوە دەناڵێنن."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 21-10-2020، بانکی رەشید لە بڕیارێکی نوێیدا رایگەیاند، کە بڕی 10 ملیۆن دینار دەدرێتە ئەو فەرمانبەرانەی کە بەنیازن ژنی دووەم بهێنن. 
 
لەسەر ئەو پرسە، ئەمەل شوەیلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی رەشید بەشداری بوڵتنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و رایگەیاند کە "ئەم بڕە پارەیە دەدرێتە هەموو فەرمانبەران، بەبێ ئەوەی بزانرێت خەڵکی کوێیە، ئەم بڕیارەش دوای ئەوەهات کە ژمارەیەکی زۆر داواکارییامان لەلایەن بێوەژنەکانەوە بۆ هات. لەبەرئەوە پارەکە دەدرێتە ئەو کەسانەی کە ژنی دووەم دەهێنن."


PM:03:49:21/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 22072 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت