پەرلەمانتارێک: چەند کۆمپانیایەک لەدەروازەکان بەناڕەوا دەیان ملیۆن دۆلار لە خەڵك وەردەگرن

‌عەلی حەمە ساڵح: لە ئیبراهیم خەلیل هەندێك كار هەیە لە هیچ خالێكى سنورى دیكە نیە

وێستگەنیوز-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، چەند کۆمپانیایەک لەدەروازەکانی ئیبراھیم خەلیل و حاجی ئۆمەران بەناڕەوا دەیان ملیۆن دۆلار لە خەڵك وەردەگرن و کەمتر لە 20% ئەو داهاتە بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە و 80%ـی بۆ کۆمپانیاکانە، دەشڵێت "خاڵە سنوریەکان ناوەندێکی گەورەی قاچاخی و گەندەڵی و فێڵکردنن و بە قۆرخکاری و بەناڕوا مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار وردەگرن لە ھاوڵاتیان!! ".

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "کۆمپانیا ھەیە مانگی سێ ملیۆن دۆلار و ھەیە پێنج ملیۆن و ھەیە زیاترو ھەشە کەمتر وەردەگرن!!، بڕیارە لە نزیکترین کاتدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری کۆتایی لە چارەنووسی ئەم کۆمپانیایانە بدات و پێویستە بڕیارەکە دادپەروەرانە بێت و ئێمەش چاودێری دەکەین".

ئاماژەی بەوەشکردوە، چەند کۆمپانیایەک بە ناڕەوا پارە لە خەڵک وەردەگرن بە نمونە "لە راگەیاندنى گومرگى ئیبراھیم خەلیل، بۆ كۆمپانیاى كۆریدۆر، كاغەزێكى ئاساییەو پێشتر حكومەت دەیكرد و هیچ گرفتێكى نەبوو لە مانگى 9ى 2019ەوە دراوە بەم كۆمپانیایەو بۆهەر كاغەزێك 15 هەزار دینار وەردەگرێت، سكانەر، 50 دلار وەردەگیرێت بۆ كۆمپانیاى هانداون 80% بۆ كۆمپانیاو 20% بۆ حكومەت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لە ئیبراهیم خەلیل هەندێك كار هەیە لە هیچ خالێكى سنورى دیكە نیە، كۆمپانیاى ئەنتەرتیك لەسنورى ئیبرایهم خەلیل بۆ چێككردنەوەى كاڵا بزاندرێت هاوتایە لەگەڵ كارگە بنەڕەتییەك، بۆ هەر بەراوردێك 700 بۆ 2000 دۆلار وەردەگرێت، ئەگەر رۆژانە 500 بەراورد بكات، داهاتەكەى 9 ملیۆن دۆلارە، پاش ئەم بەراوردەش هەمان كۆمپانیا سى پارەى دیكە بەناوى پشكنینى فیزیایی و كیمیاوى و بایۆلۆجى وەردەگرێت!!! داهاتى ئەمیش مانگانە نزیكەى 3 ملیۆن دۆلارە؟".

دەقی راگەیەنراوەکەی عەلی حەمە ساڵح:

کۆمپانیای خاڵە سنوریەکان و بردنی دەیان ملیۆن دۆلاری  مانگانە 
ئیبراھیم خەلیل و حاجی ئۆمەران وەک نمونە.. 
خاڵە سنوریەکان ناوەندێکی گەورەی قاچاخی و گەندەڵی و فێڵکردنن... 
زیاتر لە ساڵێکە بە وردی کارم لەسەر سەرجەم خاڵە سنوریەکان کردوە. 
یەکێک لە ڕێگاکانی گەندەڵی؛ کاری ژمارەیەک کۆمپانیایە، بە قۆرخکاری و بەناڕوا مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار وردەگرن لە ھاوڵاتیان!! 
کۆمپانیا ھەیە مانگی سێ ملیۆن دۆلار و ھەیە پێنج ملیۆن و ھەیە زیاترو ھەشە کەمتر!! 
بڕیارە لە نزیکترین کاتدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری کۆتایی لە چارەنووسی ئەم کۆمپانیایانە بدات، پێویستە بڕیارەکە دادپەروەرانە بێت و ئێمەش چاودێری دەکەین... 
وردەکاری ئەو کۆمپانیایانەی لەئیبراھیم خەلیل و حاجی ئۆمەران پارە وەردەگرن لێرەدا وەک نمونە دەخەمەڕوو.. 
ئەمە بۆ شوێنەکانی دیکەش دروستە..

‏‎ئیبراهیم خەلیل و حاجى ئۆمەران
‏١-‎راگەیاندنى گومرگى، بۆ كۆمپانیاى كۆریدۆر، كاغەزێكى ئاساییەو پێشتر حكومەت دەیكرد و هیچ گرفتێكى نەبوو لە مانگى 9ى 2019ەوە دراوە بەم كۆمپانیایەو بۆهەر كاغەزێك 15 هەزار دینار وەردەگرێت.

‏‎2- كۆمپانیاى ستار، بۆ دڵنیایی ئیجبارى لە ئیبراهیم خەلیل و حاجى ئۆمەران دراوە تەنیا 10% بۆحكومەتە..

‏‎3- مەنفێست25 دلار، لە ئیبراهیم خەلیل بۆ جبل نهزە لە حاجى ئۆمەران بۆ اشراقات العوادە .

‏‎4- سكانەر، 50 دلار وەردەگیرێت بۆ كۆمپانیاى هانداون 80% بۆ كۆمپانیاو 20% بۆ حكومەت.

‏‎5- تەعقیم بۆ 10 دۆلار لە هەر ئۆتۆمبیلێك وەردەگیرێت، 85% بۆ كۆمپانیاو 15% بۆ حكومەت.

‏‎6- پشكنینى خۆراك و كاڵا، هەردوو دەروازەكە لەگەڵ كۆمپانیاى نیوستاندەر كردوویانە، بۆ هەر ئۆتۆمبیلێكى شەحن بڕى 100 هەزار دینار وەردەگیرێت.

‏‎بۆ هەر بارهەڵگرێك بڕى 100 هەزار دینار وەردەگیرێت.

‏‎هەر بارهەڵگرێك هیچ جۆرە پشكنینێكى نەوێت 150 هەزار دینارى لێوەردگیرێت، تەنیا سەرەتاكانى بۆ مۆردەكرێت.

بۆ هەر پشكنینێكى فیزیایی و كیمیای و بایلۆجى بەجیا پارە وەردەگیرێت.

‏‎7- كۆمپانیاى سەربەخۆ كە وەزارەتى ناوخۆ لە 13/1/2019 رێگاى پێداوە،  بۆ  دروستكردنى هەر تابلۆیەكى كاتى بڕی 15 هەزار دینار وەردەگرێت.

‏‎8- لە حاجى ئۆمەران چەند رێگایەكى تر هەیە بۆ وەرگرتنى پارە لە ئیبراهیم خەلیل نیە، كۆمپانیای شەو ڕۆژ بۆ هەر حاڵەتێك 25 دۆلار وەردەگرێت بەناوى كۆمپانیاى گەشتیارى و ئەركى دیار نیە.

‏‎9- كۆمپانیایەك بەناوى سبكەبار لە هەر ئۆتۆمبیلێكى ترانزێت 50 دۆلار وەردەگرێت، 70% بۆ كۆمپانیا 30% بۆ حكومەت.

‏‎10- لە خاڵى سنورى حاجى ئۆمەران كۆمپانیاى شەو رۆژ، بەناوى نۆژەنكردنەوەی كۆمەڵگاكەوە 25 دۆلار لە هەر بارهەڵگرێك وەردەگیرێت ( ئێرانى و عێراقى)، زیاتر لە چەند مانگێكە بەردەوامە، پرۆسەكە دراوە بە كۆمپانیایەك و هیچ كارێكى نەكردووە.
‏‎جگە لە وەرگرتنى پارە بەناوى گەراجانە.

‏‎11- لە ئیبراهیم خەلیل هەندێك كار هەیە لە هیچ خالێكى سنورى دیكە نیە، كۆمپانیاى ئەنتەرتیك لەسنورى ئیبرایهم خەلیل بۆ چێككردنەوەى كاڵا بزاندرێت هاوتایە لەگەڵ كارگە بنەڕەتییەك، بۆ هەر بەراوردێك 700 بۆ 2000 دۆلار وەردەگرێت، ئەگەر رۆژانە 500 بەراورد بكات، داهاتەكەى 9 ملیۆن دۆلارە، پاش ئەم بەراوردەش هەمان كۆمپانیا سى پارەى دیكە بەناوى پشكنینى فیزیایی و كیمیاوى و بایۆلۆجى وەردەگرێت!!! داهاتى ئەمیش مانگانە نزیكەى 3 ملیۆن دۆلارە؟

‏‎12 – گۆڕپانى (بەتون كوردستان) لە ئیبراهیم خەلیل، رۆژانە نزیكەى 1800 ئۆتۆمبیل لەم گۆڕپانە پشكینینى بۆ دەكرێت و بە ئیجبارى 55 دۆلار وەردەگیرێت و بڕێكى زۆر گازویلیان پێدەفرۆشرێت.

‏‎13-رۆژانە ژمارەیەكى زۆر ئۆتۆمبیلى نەفەر هەڵگر تێدەپەڕن و بۆ هەر یەكێك 25 دۆلار وەردەگرن، رۆژانە زیاتر لە هەزار حاڵەتە.

‏‎14- ئەمە جگە لەوەى پێشتر چەندین كاڵا بەناوى سوریاوە داخڵدەكرێت وەك ترانزێت 20% گومرگ دەدەن، بەڵام نەڕۆشتون بۆ سوریا.


AM:11:19:21/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 1668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو