دوو بانكی عیراق پێشینه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان ده‌ده‌ن


وێستگه‌ نیوز ـ
بانکی‌ رافیدەینی‌ عیراقی‌ رایگەیاند، بڕی‌ 60 ملیۆن دینار بە قەرز و بۆ کڕینی‌ ئۆتۆمبێل بەشێوەی قیست بە فەرمانبەر و هاوڵاتییان و خانەنشینان دەدات و بانکی‌ رەشیدی‌ عیراقیش دەستپێکردنی‌ خەرجکردنی‌ پێشینەیەکی‌ بە فەرمانبەرانی‌ وەزارەتی‌ ناوخۆ و فەرمانگە مەدەنییەکان، راگەیاند.


ئەمڕۆ سێشەممە 20ی تشرینی یه‌كه‌می 2020، بانکی رافیدەین لە راگەیاندراوێکیدا بڵاویکردەوە، بڕی 60 ملیۆن دینار بەقەرز و بەشێوەی قیست و بە سودی‌ 4% دەداتە هاوڵاتیان بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل.

راشیگەیاند: بانکەکە گرێبەستی‌ لەگەڵ کۆمپانیاکان کردووە بۆ هێنانی‌ نوێترین جۆری‌ ئۆتۆمبێل، هەر هاوڵاتییەک بەنیازە قەرزەکە وەربگرێت دەتوانێت سەردانی لقەکانی‌ بانکەکە بکات بۆ پێدانی رێنمایی لەسەر مەرجەکانی‌ سودمەندبوون.

لەلایەکی دیکەوە، لە راگەیەندراوێکی‌ بانکی‌ رەشیدی‌ عیراقیدا هاتووە، لەمڕۆوە سێشەممە، بانکەکە دەستی‌ کردووە بە خەرجکردنی‌ پێشینەیەک بۆ ژمارەیەک لە فەرمانبەری‌ وەزارەتی‌ ناوخۆ و فەرمانگە مەدەنییەکان، کە بەگوێرەی‌ راگەیەندراوی‌ بانکەکە، سودمەند لە پێشینەکە لە رێگەی‌ کورتە نامەیەکەوە ئاگادار دەکرێتەوە بۆ سەردانیکردنی‌ یەکێک لە لقەکانی‌ بانکی‌ رەشید و بەدەستهێنانی‌ پێشینەکە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بانکە عیراقییەکان ساڵانە ژمارەیەکی‌ زۆری‌ قەرز و پێشینە بە فەرمانبەران و هاوڵاتییان دەدەن، بە ئامانجی‌ پاراستنی‌ پارە و دروستکردنی‌ جوڵە لە بازاڕدا، هاوکات سودی‌ قەرزەکانیش بۆ حکومەتە.


PM:04:20:20/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 5292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت