ئەم قسەیە هی بارزانی نییە!

‌‌مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

وێستگه‌ نیوز ـ

بڵاوبوونەوەی وته‌یه‌ك لە تویتەری مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، كاتێك له‌ تویتێكدا ئه‌مڕۆ نووسیوبووی "ئەمڕۆ، وەک دوێنێ نییە، سبەینێش وەک ئەمڕۆ نابێت"، بەڵام دەرکەوت ئه‌م وته‌یه‌ هی بارزانی نییه‌.


مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئـەمڕۆ دووشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2020، لە سێیەمین ساڵیادی شەڕی پردێ کە لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان روویدا، لە پەڕەی فەرمی خۆی لەتویتەر نوسیویەتی "ئەمڕۆ وەکوو دوێنێ نییە، سبەش وەکوو ئەمڕۆ نابێت".


20ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2017، شەڕی پردێ لە نێوان هێزە عیراقییەکان هێزەکانی پێشمەرگە روویدا، ئه‌مه‌ش لای پارتییه‌كان به‌ "داستانی پردێ" ناونراوه‌.

بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م وته‌یه‌ له‌ تویته‌ری بارزانی، له‌ لایه‌ن زۆرێك له‌ لایه‌نگرانی پارتی و بارزانیه‌وه‌ وه‌ك وته‌یه‌كی مه‌سعود بازرانی، سه‌رۆكی حزبه‌كه‌یان لێكدرایه‌وه‌ و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پشتیوانی زۆریان لێكرد.

به‌ڵام به‌پێی نویترین كتێبی بارزانی، به‌ناوی "بۆ مێژوو"، كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ بڵاوكراته‌وه‌، لە لاپەڕە 116و 117 باسی کردووە کە ئەو قسەیە هی خۆی نییە، بەڵکو هی دۆگلاس سلێمانە.

له‌و باره‌وه‌ مه‌حمود یاسین كوردی، رۆژنامه‌نووس له‌ باره‌ی ئه‌و وته‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئەم قسەیە هی کاک مەسعود بارزانی نییە، بەڵکو هی (دۆگلاس سلێمان) باڵیۆزی ئەو کاتەی ئەمریکایە لە عیراق، لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی کەرکوک بە پەیام بۆ بارزانی ناردووە، بارزانیش دوای شەڕی پردێ هەمان پەیامی وەک خۆی بۆ باڵیۆزی ئه‌مریكا ناردووتەوە".

مه‌حمود یاسین، ده‌شڵێت: "زۆربەی ئەندامانی پارتی وا دەزانن ئەو قسەیە هی بارزانییە، کەچی هی خۆی نییە کاک مەسعود لە کتێبە نوێیەکەی (بۆ مێژوو) کە چەند رۆژێکە بڵاوکراوەتەوە لە لاپەڕە 116و 117 باسی کردووە کە ئەو قسەیە هی خۆی نییە بەڵکو هی دۆگلاس سلێمانە".

هاوكات نووسه‌ر هونه‌ر تۆفیق، له‌و باره‌وه‌ نووسیویه‌تی: "زۆر مەعقولە سەبارەت بەکات و مێژوو و رووداوەکان وتراوە، یەکێک لەوانە تۆنی رۆبینس-ی وتاربێژی پسپۆرە لە گەشەپێدانی مرۆڤدا دەڵێت با ئەمڕۆ لە دوێنێت نەکات، سبەنێشت جیاوازبێت، وەک ئەوەی ئەمڕۆ بارزانی وتی هەرچەند قسەکەی دوێنێی (14 ساڵ پێش ئێستا) ی تۆنی رۆبنسە".

دەشڵێت: "هاوشێوەی (70 ساڵ پێش ئێستا) ی ئاینشتاینە کە وتوویەتی لە دوێنێ فێربە و لەمڕۆدا بژی و بۆسبەیش خۆزگە بخوازە، فەرهەنگی رۆژهەڵات نەبێت کە عەرەب ئاسا دەڵێن (ما اشبه الیوم بالامس) ئەمڕۆ زۆر لەدوێنێ دەکات، وەک دووبارەکردنەوەی مەقولەکانی خەڵکی تر بەناوی خۆیانەوە، گەلانی تر جیاوازی رۆژەکان لە فێربوون و زانینەوە دروست دەکەن، نەک دووبارەکردنەوە".

هاوکات ئاسۆ حاجی، نوسەری دیاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەی کتێبی (بۆ مێژوو)ی بارزانی، باس لەوە دەکات کە بارزانی نووسیویەتی، "دوای پەلاماری حەشد و سوپای پاسداران بە چەک و دەبابەی ئەمریکی لە شازدەی ئۆکتۆبەر بۆ سەر کەرکوک، داگڵاس سلێمان باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق رۆژی دواتر پەیامێکی بۆ ناردم نووسیبووی (دونیا گۆڕاوە ئەمڕۆ دوێنێ نییە پێویستە بە خۆتاندا بچنەوە)".

ئه‌وه‌شی نووسیوه‌: "دواتر لە رۆژی 20ـی ئۆکتۆبەری 2017، دوای ئەوەی پێشمەرگە پەلاماری حەشد و هێزەکانی عیراقی لە پردێ تێکشکاند  وەڵامی باڵیۆزی ئەمریکام دایەوە و وتم بە جەنابی باڵیۆز بڵێن: "ئەمڕۆ دوێنێ نییە، سبەینێش وەک ئەمڕۆ نابێت".



PM:03:32:20/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 9032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو