بەهۆی فرۆشتنی پاسپۆرتی زێڕین، دوو دەوڵەتی ئەوروپا سزادەدرێن

‌یەکێتی ئەوروپا ترسی هەیە "تاوانکاران" سود لەو بەرنامەیە وەربگرن

وێستگەنیوز-

یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ئەوان پێشوتریش نەیاری فرۆشتنی پاسپۆرت بوون بە وەبەرهێنەرانی بیانی و باوەڕیانوایە "تاوانکاران" سودیان لەو بەرنامەیە وەرگرتوە، لەسەر ئەو بنەمایەش لێکۆڵینەوەی دادوەری لەسەر هەردو دەوڵەتی قوبرس و ماڵتا ئەنجام دەدرێت.

مارۆش شیفتشۆڤیچ، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، رێکاری یاسایی و دادوەری بەرامبەر هەردو دەوڵەتی قوبرس و ماڵتا دەگیرێتەبەر بەرامبەر فرۆشتنی "پاسپۆرتی زێڕین" بە وەبەرهێنەرانی بیانی، چونکە ئەوان مەترسی راستەقینەیان لەو هەنگاوە هەیە و هەوڵەکانیان چڕکردوەتەوە بۆ ئەوەی ئەو دوو وڵاتە پابەندی یاساکانی یەکێتی ئەوروپا بن.

هەفتەی رابردو قوربرس پێدانی پاسپۆرتی بە وەبەرهێنەرانی بیانی راگرت کە بەهۆیەوە دورگەکە زیاتر لە 8 ملیار دۆلاری دەستکەتوە، ئەویش دوای ئەوەی لە راپۆرتێکی رۆژنامەنوسیدا دەرکەوت چەندین رێکاری نایاسایی کراوە لەو بابەتەدا، کە بەگوێرەی یاسا پێویستە وەبەرهێنەر بەبەهای 3 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لەو وڵاتەدا بکات.

هاوکات حکومەتی ماڵتا رایگەیاند، دوای ئەوەی ساڵی 2014 وەرگرتنی پاسپۆرت بەرامبەر هەلی وەبەرهێنانی بیانیان لە وڵاتەکەیان راگەیاند، مانگی رابردو بڕیارەکە راگیراوە دوای ئەوەی گومانی ئەوە کراوە ئەو بابەتە بەمەبەستی "سیخوڕی نەک وەبەرهێنان" بەکارهێنراوە.


AM:09:01:20/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 2664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت