ئەڵمانیا پشتیوانی ئەو پڕۆژانە دەكات كە كار بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ دەكەن


وێستگە نیوز-

جێگری كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا رایدەگەیەنێت، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی  بەردەوام دەبێت لەپشتگیریكردنی پڕۆژەو چالاكی جۆراوجۆر لەكوردستان بەتایبەت ئەو پڕۆژانەی كار بۆ بەدیهێنانی یەكسانی جێندەرو كۆمەڵایەتی و پاراستنی مافی مرۆڤ دەكەن.

قسەكانی سڤین كراوسیە جێگری كونسڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان لە میانەی وتارێكیدا بوو كە ئەمڕۆ لەچوارچێوەی مەڕاسیمی ڕاگەیاندنی (پڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و كوشتن بە بیانووی شەرەف لەكۆمەڵگەی كوردیدا) لەڕێگەی سكایپەوە پێشكەشی كرد لە مەراسیمێكدا لە باخچەی ئۆفیسی CDO  بەڕێوەچوو.

پڕۆژەكە رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت بەهاوبەشی كونسوڵخانەی ئەڵمانیا لەهەولێرو پاڵپشتی دارایی فەرمانگەی دەرەوەی ئەڵمانیای فیدراڵ جێبەجێی دەكات.

سڤین كراوسیە لەمیانەی وتەكەیدا سوپاسی رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەتی كرد و هیوای سەركەوتنی پڕۆژەكەی بۆ خواستن و جەختیكردەوە كە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لەپشتگیریكردنی پڕۆژەو چالاكی جۆراوجۆر لەكوردستان بەتایبەت ئەو پڕۆژانەی كار بۆ بەدیهێنانی یەكسانی جێندەرو كۆمەڵایەتی و پاراستنی مافی مرۆڤ دەكەن.

لەكۆتایی مەراسیمەكەدا جێگری كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر بەشێوەی ئۆنلاین چاوی كەوت بە ١٢ بەشداربووی یەكەم ۆركشۆپی تایبەت بە ڕاهێنانی ئەو لایەنانەی خزمەتگوزاری و هاوكاری پێشكەش بەئافرەتان دەكەن كە لەلایەن رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت لە هۆڵی كۆنفرانسەكانی ناو رێكخراو ئەنجام دەدرێت.

سڤین بەبەشداربووەكانی ڕاگەیاند كارەكەی ئەوان زۆر گرنگ و تایبەتە، چونكە  لەنزیكەوە چاویان دەكەوێت بە ئافرەتانی ڕزگاربووی توندوتیژی پێویستە بەگرنگییەوە سەیری كارەكانیان بكەن. 

لەكۆتایی وتەكەیدا سڤین هیوای سەركەوتنی بۆ بەشداربوان خواست و بەڵێنیدا لەئەگەری باشتر بوونی بارودۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەنزیكەوە چاوی پێیان بكەوێت.


PM:10:36:19/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 2008 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو