نێچيرڤان بارزانى: بەنیگەرانییەوە لە دۆخی ئەمنی عێراق دەڕوانین

‌کۆبونەوەی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ لۆرێنزۆ گوێرينى، وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاليا و شاندێكى ياوه‌رى كرد

وێستگەنیوز-

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رایگەیاند، بەنیگەرانییەوە لە دۆخی ئەمنی عێراق دەڕوانن و بەردەوامی هاوكارى و پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و هەڕەشەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە پێویست دەزانن، هەروەها ئه‌ركى نێرده‌ ديپلۆماتييه‌كان و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى گرنگ و پێويسته‌ و بۆ هاوكارى و پشتگيری عێراق و لەو ڕوەوە پشتیوانی لە هەنگاوەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ لۆرێنزۆ گوێرينى، وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاليا و شاندێكى ياوه‌رى كرد و له‌ كۆبوونه‌يه‌كدا دۆخى ئه‌منيى عێراق و هه‌ڕه‌شه‌ى گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ نێرده‌ ديپلۆماسييه‌كان و هێزه‌كانى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش له‌ عێراق و هه‌ڕه‌شه‌ و جموجووڵه‌كانى داعش تاوتوێ كرا.

ئەوەش هاتوە، لەدیدارەکەدا هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگى و پێويستيى به‌رده‌واميى كارى هاوبه‌ش و ئه‌ركى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش له‌ عێراق كرده‌وه‌ تا دڵنيابوونه‌وه‌ له‌ له‌ناوچوونى يه‌كجاره‌كيى داعش. هاوڕا بوون كه‌ هێشتا عێراق و هه‌رێمى كوردستان پێويستيان به‌ هاوكارى و پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى هه‌يه‌ و له‌مباریه‌وه‌ به‌ڕێز وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاليا به‌رده‌واميى پشتگيرى و هاوكاريى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئيتاليا دووپات كردوەتەوە كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيدا هاوكاريى سه‌ربازى و مرۆيى پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق دەکەن، هه‌روه‌ها سوپاسى په‌رله‌مانى ئيتالياى كردوە كه‌ ڕه‌زامه‌نديى له‌سه‌ر به‌رده‌واميى ئه‌ركى هێزه‌ ئيتاڵييه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دا و سڵاوى بۆ يه‌كه‌ به‌يه‌كه‌ى سه‌ربازانى ئيتاليا له‌ هه‌رێمى كوردستان نارد.

ده‌رباره‌ى پێشهاته‌كانى دۆخى عێراقيش سەرۆکی هەرێم دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ نيگه‌رانييه‌وه‌ له‌ پێشهاته‌ ئه‌منييه‌كانى عێراق و هه‌ڕه‌شه‌ى گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ نێرده‌ ديپلۆماتييه‌كان ده‌ڕوانێت و باسی لەوە کرد، "ئه‌ركى نێرده‌ ديپلۆماتييه‌كان و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى عێراق گرنگ و پێويسته‌ و بۆ هاوكارى و پشتگيرييه‌ له‌ عێراق و ده‌بێت سه‌لامه‌تى و ئاسايشيان بپارێزرێت، هه‌رێمى كوردستانيش هه‌موو پشتگيرييه‌ك له‌ هه‌نگاو و ڕێكاره‌كانى سه‌رۆك وه‌زيران به‌ڕێز مسته‌فا كازمى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌كات".

سەرۆکایەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕو، دوايين پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و سوودوه‌گرتن له‌ ئه‌زموونى ئيتاليا له‌مباره‌یه‌وه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون كه‌وه‌زيرى كاروباری پێشمه‌گه‌ ئاماده‌ى بوو.


AM:10:14:29/09/2020










ئه‌م بابه‌ته 1656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو