رونكردنەوەیەك لە وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوانەوە له‌سه‌ر نیگه‌رانیی نوسه‌ران و روناكبیران


وێستگه‌ نیوزـ

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ژمارەیەک ڕۆشنبیر و نوسەر و ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی دژی بڕیارێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری وەستانەوە و له‌ یاداشتێكیاندا رایانگەیاندبوو وەزارەتی ڕۆشنبریی حکومەتی ھەرێم بڕیارێکی سەبارەت بە سانسۆرکردنی کتێب دەرکردووە‌، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ فه‌رمانه‌كه‌یان به‌پێی رێنماییه‌كان ده‌ركردوه‌.

ئەو ژمارە نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس و چالاوانی مه‌ده‌نییە له‌ یاداشته‌كه‌دا رایانگه‌یاندبوو‌: "وەزارەتی ڕۆشنبریی حکومەتی ھەرێم بڕیارێکی سەبارەت بە سانسۆرکردنی کتێب دەرکردووە کە ڕۆژە ھەرە ڕەشەکانی سەردەمی بەعس و ئه‌زموونە تۆقێنەرەکەی تاڵیبان و سیستمە دیکتاتۆریەتەکانی ئه‌وروپای خۆرھەڵاتمان بیردەخاتەوە". 

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ له‌ كۆتایی‌ هه‌فته‌ی‌ رابردوو، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان له‌ بڕیارێكی‌ نوێیدا كه‌ واژۆی‌ حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری، له‌سه‌ره‌، فه‌رمانی‌ كردووه‌ لەمەودوا پێدانی ژمارەی سپاردن بەكتێب بەشێوەیەكی مەركەزی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانە گشتییەكانەوە دەدرێت، پێش پێدانی ژمارەی سپاردنیش، لەلایەن لیژنەیەكی شارەزای ئەو بوارەوە لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی ناوبراو پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ كتێبەكان بكرێت.

هه‌ر له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێم، هیوا فایه‌ق، له‌ وتارێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دابوو كه‌ بڕیارەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری یەکێکە لەو دیمەنه‌ كۆمیدیانه‌ی كه‌ له‌كاتی پشووی ئه‌وانه‌دا ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ سێرك ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

هیوا فایه‌ق نوسیویه‌تی "ئەوانەی لەپشت ئەوبڕیارەوەن، هێشتا لەزەمەنی گەمارۆی ئابووری سەر عێراقدا دەژین، ئەو کاتەی کتێبێکی نوێت دوای چەند ساڵێک لە دەرچوونی بەهەزار ئەمسەرو ئەوسەر دەستت دەکەوت، مامەڵکردنیشیان لەسەر کتێبی قەدەغەکراو، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە کاتی خۆی لەزەمانی بەعسدا ڕۆمانی (دایک)ی ماکسیم گۆڕکی لەتوونی حەمامدا وەک کتێبە قەدغەکراوەکانیتر دەیانشاردەوە."

دەقی رونكردنەوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری ‌و لاوان:

بڵاوكردنەوەی فەرمانێكی وەزاریمان بۆ رێكخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنی كتێب، نیگەرانی نووسەران‌و رووناكبیرانی كوردستانی لێكەوتەوە، وەك هۆكارێك بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادیی چاپكردنی كتێب لێكیان دایەوە، بۆیە بەپێویستمان زانی ئەم روونكردنەوەیە بڵاو بكەینەوە:

1-ئەو فەرمانەمان پشتی بە رێنمایی ژمارە(6)ی ساڵی 1999ی وەزارەتی رۆشنبیری بەستووە، كە ئەویش لەبەر رۆشنایی یاسای  چاپەمەنیی هەرێمی كوردستان ژمارە(10)ی ساڵی 1993 دەرچووە.
كە لەمادەی نۆی ئەو یاسایەدا  زۆر بەروونی بڵاوكرنەوەی ئەو بابەتانەی قەدەغە كردووە كە جنێوو تانوت لێدان‌و ناوزڕاندنی كەسان‌و دەستدرێژی بۆ سەر حورمەتی ئاین‌و مەزهەبەكان‌و داب‌و نەریت‌و سیستمی گشتی  تێدا بێ‌.

2-فەرمانەكەی وەزارەتمان جەختی لەو مادە یاساییە كردۆتەوە، هیچ نێتێكی خراپی بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادیی بیروڕا لەپشتەوە نییە.

3- ئەم فەرمانە بۆ رێكخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنە، بەجۆرێك رێگە لەبڵاوكردنەوەی ئەو كتێبانە بگرێ‌ كە زمانی كوردی دەشێوێنن، دارشتن‌و رێزمانی كوردی‌و خاڵبەندی لەبەرچاو ناگرن.

هەروەها بۆ ئەوەی كتێبەكان مافی خەڵكی دیكە پێشێل نەكەن‌و سنورێك بۆ جنێودان‌و ناوزڕاندن دابنرێت.

4-ئەمڕۆ 27-9-2020، بریاری پێكهێنانی لیژنەی باڵای پێدانی ژمارەی سپاردن بەسەرۆكایەتیی جێگری بەرێوەبەری گشتیی كتێبخانە گشتییەكان‌و ئەندامێتی بەرێوەبەری كتێبخانە گشتییەكانی پارێزگاكانی هەولێرو سلێمانی‌و دهۆك‌و هەڵەبجە‌و ئیدارەی گەرمیان درا‌و لەپارێزگاكانیش لیژنەی لاوەكی دروست دەكرێ‌ بۆ وەرگرتنی داوای ئەو نووسەرانەی داوای ژمارەی سپاردن دەكەن‌و ناردنی بۆ لیژنەی باڵا لەرێی ئیمەیلەوە. ئەوە بۆ یەكەمجاریشە داوای ژمارەی سپاردن لە هەڵەبجە‌و گەرمیان وەردەگیرێت، ئەوەش بۆ كارئاسانی بۆ نووسەران‌و رووناكبیران.

5- نووسەران‌و رووناكبیرانی خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە، هیچ هەوڵێك بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادی نییە، وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان هەردەم داكۆكیكاری مافەكانی نووسەران‌و رووناكبیران‌و ئازادی بیرورا دەبێ‌.

وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان
27-9-2020


PM:07:12:28/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 2740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت