پەرلەمانتارێكی پارتی: هەمووان ببنە بەرەیەك ناتوانن ئیقالە بەمەسرور بارزانی بكەن


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

پەرلەمانتارێكی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، هاتنی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەرلەمان لەسەر داوای خۆی، پەیوەندی بەو یاداشتەوە نییە كە بۆ پرساندنی پێشكەشی پەرلەمان كراوە و دەڵێت "هەمووان ببنە بەرەیەك ناتوانن ئیقالە بەمەسرور بارزانی بكەن".

رێبوار بابكەیی، پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی عێراق بەوێستگە نیوزی راگەیاند، پرساندنی سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی و وەزیری دارایی لەسەر بابەتێكی دیاریكراوە، بەڵام پێش پرساندنیش سەرۆك وەزیران خۆی داوای دانیشتنێكی تایبەتی كردووە بۆ روونكردنەوە لەسەر كۆمەڵێك بابەت لەوانەش بابەتی دارایی و مووچە و یاسای چاكسازی.

ناوبراو روونیكردەوە، ئەو پەرلەمانتارانەی لەقۆناغی یەكەمدا كۆمەڵێك ئیمزایان كۆكردەوە بۆ پرساندنی سەرۆك وەزیران لەڕاستیدا ئەگەرچی بەشێكی زۆریان دوو خولە پەرلەمانتارن و بەحساب مەعریفەیەكی باشی كاری پەرلەمانتاریی و كاری تەشریعییان هەیە، بەڵام بێئاگابوون لەوەی ئەو پرساندنە و ئەو شێوەیە پەیڕەوی نییە و بەدەر لەدەقە پەیڕەوییەكان پڕۆسەی پرساندنیان دەستپێكردووە.

بابكەیی ئاماژەی بەوەكرد "ئێستاش جارێكی دیكە دەستیان پێكردەوە هەر ئەو بابەتەیە كە دەچێتەوە سەر ئەو داوایەی سەرۆك وەزیران كە یەكێك لەو بابەتانەش بابەتی مووچەیە و خۆی هەڵوەستە دەكات، پاشان كە سەرۆك وەزیران روونكردنەوە دەدات دواتر دەرگا واڵا دەكرێت بۆ پرسیاری پەرلەمانتاران، هەردوو پڕۆسەكەش یەك شێوەیە، بەڵام رەنگە لەپرساندنەكە مەسەلەی دەنگدانی ئیستیقالەشی تێدا بێت، جیاوازییەكە ئەوەیە، ئەگینا تەبیعەتی قسەكردن لەسەر بابەتە یەك شتە".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی جەختیكردەوە "بەڵام دەمەوێت روونكردنەوەیەك بدەم كە ئیستیجواب پڕۆسەیەكی هەستیارە و قۆناغی خۆی هەیە، ئەو پەرلەمانتارانە چوون بۆ قۆناغی سێیەم، لەقۆناغی یەكەمەوە دەستیان پێنەكردووە كە چەند پرسیارێك لەسەر بابەتێك بكەن، دواتر ئەگەر وەڵامەكانی سەرۆك وەزیریان بەدڵ نەبوو دەتوانن داوای پرساندن بكەن، ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو پرساندنە تەنها یاداشتێك نووسراوە ئاڕاستەی سەرۆك وەزیران بكرێت تا لەگەڵ جێگرەكەی و وەزیری دارایی پرساندنیان بۆ بكرێت كە لەڕاستیدا ئەوە هەڵەیە".

دوای ئەوەی مەسرور بارزانی خۆی داوایكرد كە بێتە پەرلەمان بۆ روونكردنەوەی بابەتەكان، ئەو پەرلەمانتارانەی یاداشتی پرساندنیان پێشكەشكردووە جەختیان كردەوە كە ئەو داوایەی مەسرور بارزانی لەداوای پرساندنەكە جیاوازترە، بۆیە ئەوان سوورن لەسەر داوای پرساندنەكە.

لەو بارەیەوە رێبوار بابكەیی وتی "خۆیان دەزانن ئەگەر هەموویان ببنە بەرەیەك دژی پارتی ناتوانن ئیقالە بەسەرۆك وەزیران بكەن، هەڵەیەكی دیكەی پەیڕەوییش ئەوەیە ناتوانرێت بەیەك پاكێج سێ كەس ئیستیجواب بكرێت هەم سەرۆك وەزیر و جێگری و وەزیری داراییش، لەبەرئەوە پڕۆسەی ئیستیجوابی سەرۆك وەزیران جیایە لەجێگری سەرۆك و ئەوانی دیكە، ئیستیجوابی سەرۆك وەزیران بە ئیقالەكردنی كۆتایی بەكابینەكەی دێت، بەڵام دەكرێت ئیقالەی جێگری سەرۆك وەزیر بكرێت بێ ئەوەی كابینەكەش ئیقالە بكرێت".

دەربارەی ئەوەش بۆچی بەر لەپێشكەشكردنی ئەو یاداشتە، مەسرور بارزانی نەیوت دێتە پەرلەمان، ئایا هاتنی لەسەر داوای خۆی پەیوەندی بەو پرساندنەوە نییە، پەرلەمانتارەكەی پارتی دەڵێت "ئەوە بۆچوونێكی زۆر سەتحییە و نەخێر ئەوە لەبەر خاتری ئەوە نییە كە چەند پەرلەمانتارێك ئەو یاداشتەیان پێشكەشكردووە بۆ پرساندن، ئەگینا تەنانەت سەرۆكی پەرلەمانیش ئاگای لێیە كە جەنابی مەسرور بارزانی هیچ كاتێك لاری نەبووە بۆ هاتنی بۆ پەرلەمان، خودی كابینەكەشی جارجارە هاتوون بۆ پەرلەمان، بەڵام ئێستا سەرۆك وەزیران بەلایەوە گرنگە لەپەرلەمان روونكردنەوە سەبارەت بەو بابەتانەی ئێستا بدات".

لێدوانەكەی رێبوار بابكەبی لەكاتێكدایە ئەمڕۆ هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا پرسی داواكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ هاتنە پەرلەمان و باسكردنی دۆخی دارایی هەرێم و هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی تاوتوێ كراوە، هەفتەی داهاتوو پەرلەمان بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی كۆدەبێتەوە، هەر وەزیرێكی دیكەش پێویست بێت، دێتە پەرلەمان روونكردنەوە دەداتە پەرلەمانتاران.


PM:05:12:28/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 3280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو