په‌رله‌مانی عیراق ده‌نگی له‌سه‌ر چه‌ند بڕگه‌یه‌كی تاببه‌ت به‌ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن دا


وێستگه‌ نیوزـ

دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 26ی ئه‌یلولی 2020، په‌رله‌مانی عیراق دانیشتنی ئاسایی خۆی سازكرد و ده‌نگی له‌سه‌ر چه‌ند بڕگه‌ و بڕیارێك دا و یه‌كێك له‌وانه‌ پابه‌ندبونه‌ به‌ سه‌رژمێریی ساڵی 2010ی عیراق، هاوکات دەنگدانیشی لەسەر چەند بڕگەیەکی دیکەی تایبەت بە بازنەکانی هەڵبژاردن دواخست.

بەپێی هەواڵێکی سایتی سۆمەریە نیوز، یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كان كه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر دراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌‌ نابێت ده‌ستدرێژی بكرێته‌سه‌ر جوگرافیای پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی عیراق له‌ هیچ پارێزگایه‌كدا.

له‌ دانیشتنه‌كه‌دا ده‌نگیش درا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نابێت میكانیزمی دابه‌شكردنی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ هیچ پارێزگایه‌ك دوابخرێت به‌ هه‌ر هۆكارێك بێت، په‌رله‌مانی عیراق هه‌موو لایه‌كشیی پایه‌ند كرد به‌ پشت به‌ستن به‌ بنه‌مای شه‌فافیه‌ت و دادپه‌روه‌ری له‌ دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا، هاوکات پرۆسەی دەنگدانی لەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن دواخست و دانیشتنەکەی بۆ سەبینێ یەکشەممە هەڵگرت.

سایتەکە ئاماژەی بەوەداوە کە هه‌رله‌ دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا په‌رله‌مانی عیراق ده‌نگی به‌ بڕگه‌ی دیاریكردنی پێوه‌رێكی یه‌كگرتوو‌ بۆ پارێزگاكانی عیراق دا و رایگه‌یاند كه‌ نابێت هیچ پارێزگایه‌ك له‌و پێوه‌ره‌ یه‌كگرتووه‌ جیابكرێته‌وه‌.

لە هەواڵەکەدا هاتووە، په‌رله‌مان ده‌نگیشی دا به‌ بڕگه‌ی پابه‌ندبوون به‌ سه‌رژمێریی دانیشتوانی ساڵی 2010ی عیراق كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراقه‌وه‌ پشتی پێ به‌ستراوه‌.


PM:06:01:26/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 5204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت