سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەساڵیادی ریفراندۆم ئاماژە بەقسەیەكی شاسوار عەبدولواحید دەكات

‌د. كازم فاروق

وێستگە نیوز-

سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان لەساڵیادی ریفراندۆمدا ئاماژەی بەقسەیەكی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەكەیان دەكات كە ئەو كاتە وتبووی "ریفراندۆم بۆ دەوڵەت نییە و میللەتەكەمان زەرەر دەكات، بەڵام بەداخەوە بەرەی ریفراندۆم گوێیان نەگرت و قومارێكی دۆڕاویان بە چارەنوس و خاكی كوردستانەوە كرد".

د. كازم فاروق، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ كە فراكسیۆنێكی ئۆپۆزسیۆنن لەپەرلەمانی كوردستان، رایگەیاندووە، لەناو سیاسیەكاندا تاكە سەركردەی گەنج كە راستگۆیانە وتی "نەخێر بۆ درۆكانی پارتی و یەكێتی و قوربانیدان بە خەڵك و خاكی كوردستان بۆ مەرامی گڵاوی شەخسی و بنەماڵەكان".

د.كازم ئاماژەی بەوەكردووە "شاسوار عەبدولواحید بە ئاشكرا رایگەیاند كە ریفراندۆم بۆ دەوڵەت نییە و میللەتەكەمان زەرەر دەكات، بەڵام بەداخەوە بەرەی ریفراندۆم گوێیان نەگرت و قومارێكی دۆڕاویان بە چارەنوس و خاكی كوردستانەوە كرد".

دوای ئەوەی مانگی حوزەیرانی 2017 ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بڕیاریدا رۆژی 25ی ئەیلول ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، سەرلەبەیانی رۆژی 25ی ئەیلول، بەشیًَكی زۆری هاوڵاتیانی هەرێم روویانكردە سندوقەكانی دەنگدان بۆ دەربڕینی بۆچوونی خۆیان كە ئایا دەیانەوێت لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بمێننەوە، یان بەپێچەوانەوە دەیانەوێت هەرێمی كوردستان بەشێوەی سەربەخۆ بژی، لەئەنجامدا 93%ی دەنگدەران داوای جیابونەوەیان لەعێراق.

دوای دروستكردنی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمیش كە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆكایەتی دەكرد، لەبەرامبەریشدا ئەو كاتە شاسوار عەبدولواحید، لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی دیكەی سیاسی و رۆشنبیری بەرەی (نەخێر لەئێستادا)یان راگەیاند و داوایان دەكرد لەو كاتەدا ریفراندۆم نەكرێت، چونكە دۆخی ناوچەكە لەبار نییە و وڵاتان پشتگیری كوردستان ناكەن بۆ جیابوونەوە.



PM:02:26:25/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 3424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت