سەركردەیەكی كۆمەڵ چەند زانیارییەكی نوێ سەبارەت بەڕیفراندۆم دەدركێنێت


وێستگە نیوز-

سەركردەیەكی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت، یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەیتوانی رێگربێت لەئەنجامدانی ریفراندۆم، چونكە لەسنوری خۆیدا حاكمی موتڵەقی خۆیەتی، بەو شێوەیە دەیتوانی بۆ ڕیفراندۆم بڵێت نابێت و ناكرێت و نابێتە بەشێك لەو بڕیارە.

محەمەد حەكیم، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەوتارێكدا كە لەبەشی وتاری وێستگە نیوز بڵاوكراوەتەوە، سەبارەت بەساڵیادی ریفراندۆم نووسیویەتی پێویستە بەرپرسیارێتیی ھەمووان لەو پرسەدا دیاری بكرێت، بەھەڵوێستی كۆمەڵی ئیسلامیشەوە كە ڕەنگە ھەندێك رەخنەو گلەییان هەبێت لەسەر دوابڕیاری حیزبەكەیان بەدەنگدان بە"بەڵێ" بۆ ڕیفراندۆم لەڕۆژی ڕاپرسییەكەدا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە "دەبێت ئەوەمان بیر نەچێت كە پشتگیری ھەموو لایەنەكان جگە لە گۆڕان و كۆمەڵ لە بڕیاردان لەسەر ڕیفراندۆم لەلایەك و بریاڕو پشتگیری یەكێتی لە لایەكیتر، ڕوونتر بڵێم پشتیوانی هێزەكانی تر ھیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆی نەدەبوو، بەراورد بەپشتگیرییەكەی یەكێتی نیشتمانی، چونكە یەكێتی دەیتوانی ڕێگر بێت و نەھێڵێت ئەم ڕیفراندۆمە بكرێت، ڕەنگە بپرسن چۆن؟".

محەمەد حەكیم وەڵامی ئەو پرسیارەی خۆی دەداتەوە و دەڵێت "چونكە یەكێتی حاكمی موتڵەقی سنووری خۆیەتی و ئەو ناوچەیە لە هەموو روویەكەوە ئەو بەڕێوەی دەبات، یەكێتی نیشتیمانیی وەكو چۆن توانیویەتی دەزگاكانی ئاسایش و زانیاری و دژەتیرۆرو داھات و پێشمەرگەو گومرگی جیای هەبێت لەزۆنی سەوزدا، بەو شێوەیەش دەیتوانی بۆ ڕیفراندۆم بڵێت نابێت و ناكرێت و نابمە بەشێك لەو بڕیارە".

سەركردەكەی كۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بەوەشكردووە "لانیكەم لەكەركوك و ناوچەكانی ماددەی ١٤٠، بەڵام ئەو كارەی نەكردو دواتر ھەر یەكێتی خۆی باجەكەیدا، بەتایبەتی لە كەركوك، پێش چەند ڕۆژێك لەڕاپرسییەكەی ٢٥-٩ بە شاندی یەكێتیمان وت كە ھاتبوونە سەردانمان – بۆ مێژوو پێتان دەڵێین، دڵنیابن كەركوكتان لەدەست دەردەچێت و دواتریش لەڕاگەیاندن ئەڵێین پێمان وتن".

ئەمڕۆ 25ی ئەیلولی 2020، سێ ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان تێدەپەڕێت كە تێیدا 93%ی دەنگدەرانی هەرێم دەنگیاندا بۆ جیابوونەوە لەعێراق.


PM:01:19:25/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 5124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت