فەرمانێكی نوێ بۆ پێدانی ژمارەی سپاردن بەكتێب دەرچوو


وێستگە نیوز-

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان فەرمان دەدات لەمەودوا پێدانی ژمارەی سپاردن بەكتێب بەشێوەیەكی مەركەزی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانە گشتییەكانەوە دەدرێت، پێش پێدانی ژمارەی سپاردنیش، لەلایەن لیژنەیەكی شارەزای ئەو بوارەوە لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی ناوبراو پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ كتێبەكان بكرێت.

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێم بەواژووی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری فەرمانێكی نوێی بۆ پێدانی ژمارەی سپاردن بەكتێب دەركرد و تێیدا هاتووە "پاڵپشت بەڕێنمایی ژمارە 6ی ساڵی 1999ی وەزارەتمان كە تایبەتە بە پێدانی ژمارەی سپاردن بۆ چاپكردنی كتێب، بێگومان پێدانی ژمارەی سپاردن ئەركێكی گەورە و لێپرسراویەتی رۆشنبیریی و ئەخلاقییە، بۆیە لەدوای دەرچوونی ئەم فەرمانە بەشێوەیەكی مەركەزی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانە گشتییەكانەوە دەدرێت".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "پێویستە ئەم ئەركە زۆر بەگرنگی و بایەخ پێدانەوە جێبەجێ بكرێت و تیایدا رەچاوی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و نەتەوەیی و پاراستنی بەها پیرۆزەكان بكرێت و شیرازەی كۆمەڵایەتی و پاراستنی بەها و هێما پیرۆزەكان تێك نەدات".

وەزیری رۆشنبیری دەڵێت "بۆیە بڕیارماندا پێش پێدانی ژمارەی سپاردن لەلایەن لیژنەیەكی شارەزای ئەو بوارەوە لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی ناوبراو پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ كتێبەكان بكرێت، دواتر ژمارەی سپاردنیان پێبدرێت".


AM:11:24:25/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 1900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت