ئەبوبەكر هەڵەدنی: چۆن كفری وا دەكەین بۆ كشانەوەی واژووی پرساندنی حكومەت


وێستگە نیوز-

ئەبوبەكر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە ئەوان واژووەكانیان لەپرساندنی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیری دارایی بۆ هاتنیان بۆ نێو پەرلەمان ناكێشنەوە سەبارەت  بەپرساندنی لێبڕینی مووچە و دەڵێت "ئەوە كفری سیاسەتە ئێمە كفری وا چۆن دەكەین بەدڵنیاییەوە نەك هەموومان چەند ئەندامێكیشمان واژۆكانیان بكشاندایەتەوە ئەوان ڕازی دەبوون، بەڵام ئێمە ئەو داوایەمان رەتكردەوە".

ئەبوبەكر هەڵەدنی دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنی حكومەتی خۆجێی لەدهۆك لەنێوان حیزبەكەی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندوە "ئێمە لەحكومەتی خۆجێی دهۆك دەركرابین یاخود خۆمان كشابینەوە یەك ئاكامی هەیە ئەویش لەبەرئەوەی كە پارتی ئێمەی سەرپشك كردووە لەنێوان دوو بژاردەدا، یان ئەوەیە فراكسۆنەكەتان واژۆكانیان لە یاداشتی پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی دەكێشنەوە، ماوەی 48 كاتژمێرییان بۆ دەست نیشان كردبووین یاخود ئەوەیە ئێمە پۆستەكانتان لەحكومەتی خۆجێی لە دهۆك لێدەسەنینەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئەم هەڕەشەیە مانگێكە بەكاردەهێنرێت، چەندین پەیامیان بە چەندین ئەندامی مەكتەبی ساسی و سەركردایەتی و لێپرسراوانی ناوچەیی لە دهۆك-دا ناردووە دوای ڕاوێژێك لەنێوان ئەنجومەنی جێبەجێكردن و فراكسیۆن و خاوەن پۆستەكانی دهۆك و سەركردایەتی یەكگرتوو لەدهۆك و كادێرە مەیدانیەكان ئەوەبوو یەكگرتوو بژاردەی یەكەمی هەڵبژارد كە ئێمە لەسەر هەڵوێستەكانمان سورین و دەستبەرداری پۆستەكانمان دەبین".

هەڵەدنی روونیكردۆتەوە "ئێمە لەساڵی 2005 لە بادینان بارەگامان سوتێنرا پێش ئەو بەروارە لە ساڵی نەوەدەكانەوە ئەندامانمان لەژێر هەڕەشەی ڕاوەدونان و سزادان و تەنانەت ئەندامان هەیە "تەرحیل-یش" كراوە تەدەخولیان لە ناونانی مناڵانی یەكگرتوودا كردووە".

هەروەها وتویەتی "ئەمە لە ساڵانی نەوەدەكان بوو جۆرەها گوشار و فشار بۆ نموونە مامۆستای یەكگرتوو نێردراوەتە گوندی ئێزیدیان كە لەوێ وانەی ئایین بڵێتەوە یان گواستراوەتەوە بۆ گوندی برایانی پێكهاتەی مەسیحیەكان یاخود جۆرەها "تەرحیل" پێكردن و هەڕەشە و دورخستنەوە بۆ نمونە مناڵەكەت ناو دەنێت ئەحمەد یان محەمەد ئەو پێی وابوو كە دەبێت ئەم ناوەی لێ نەنرێت مەبەستم دەسەڵاتدارانی مەحەلی ئەو ناوچەیە". 

پێشتر فەهیم عەبدوڵا، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەپشكی پارتی بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندبوو "ئەگەر پەرلەمانتارانی یەكگرتوو واژۆی پرساندنیان بكشاندایەوە ئێمەش وازمان لەهەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتنی خۆجێی دهۆك دەهێنا ".

بەڵام ئەبوبەكر هەڵەدنی جەخت لەسەر هەڵوێستی خۆیان بۆ نەكشانەوەی واژۆكانیان كردەوە و وتی"ئەوە كفری سیاسەتە ئێمە كفری وا چۆن دەكەین بەدڵنیاییەوە نەك هەموومان چەند ئەندامێكیشمان واژۆكانیان بكشاندایەتەوە ئەوان ڕازی دەبوون، بەڵام ئێمە ئەو داوایەمان رەتكردەوە. ئێمە حیزبێكی سەربەخۆین، ئێمە لقێكی پارتی دیموكراتی كوردستان نین، ئێمە دوكانێكی سیاسی نیین ئێمە حیزبێكی پاشكۆ نین ئێمە حیزب نیین بۆ بەیاننامە دەركردن و پاشكوی هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان بین لەسەر پێی خۆمان وەستاوین بەتێڕوانینی خۆمان سیاسەت دەكەین ئەوەی كە بەرژەوەندی خەڵكی تێدا بێت ئێمە ئەو بڕیارە دەدەین".

سەبارەت بەوەی پارتی چ ئۆفەرێكی تری خستبووە بەردەم یەكگرتوو جگە لەمانەوەیان لە پۆستەكانی دهۆك؟ هەڵەدنی وتی "من ئاگادار نیم چ ئۆفەرێكی تری دابێت بەپێچەوانەوە ئێمە شایستەی 25 پۆست بووین، بەڵام ئەوە شەش ساڵە تەنها 18 پۆستیان داوە بە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، وە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەمیشە ڕاكەڕاكە و هەناسە بڕكێی نەبووە بەدوای پۆستدا، پۆستی بە میكانیزم و وەسیلەیەكی خزمەتكردن زانیووە هەبووبێت بەسەربەرزییەوە لێی دەرچووە وەكو هەموو ئەو كابینانەی حكومەت كە بەشداری كردووە هەموو ئەو پۆستە مەحەلیانەی كە وەریگرتووە نەش بووبێت بەڕۆڵی خۆی هەڵستاوە وەكو بەشدارێكی كارای پرۆسەی سیاسی لەهەرێمی كوردستاندا چ لە دەسەڵات بووبێت چ لەئۆپۆزیسیۆن بووبێت".


AM:10:22:25/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 2924 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو