رووداوێكی هاتووچۆ لەنزیك سلێمانی هەشت قوربانی لێكەوتەوە


وێستگە نیوز-

بەهۆی رووداوێكی هاتووچۆوە لەسەر رێگەی تاسڵوجە- سلێمانی هەشت كەس بوونە قوربانی.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بڵاویكردەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەڕێگەی تاسڵوجە بۆ ناوشار، ئوتومبێلێكی جۆری سێنترا ـ تایبەت بەهۆی تیژڕەوی و لەدەستدانی كۆنتڕۆڵ، لەڕێگاكە دەرچووە و خۆی كێشاوە بە ستونی ڕووناكی ناوەڕاستی ڕێگاكە، بەهۆیەوە چوار كەس گیانیان لە دەستداوە و چواری دیكەش برینداربوون.

هەر ئەمڕۆش موقەدەمی مافپەروەر، عەلی جەمال قەدوری، لەڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان بڵاویكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای كەلار- ناحیەی ڕزگاری ڕووداوێكی هاتوچۆ لە جۆری پێكدادان لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل لەجۆرەكانی (هۆندای ئازێرا - فۆرد استیشن) ڕوویدا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی ئەو رووداوەوە شۆفێری ئازێراكەو دوو كەسی دیكە برینداربوون دوای چارەسەری پێویست لەبەشی فریاكەوتنی شەهید هەژار لەكەلار شۆفێری ئازیراكە كە لەڕەگەزیی مێیە بەناوی (شیلان محەمەد غەفور) لەدایكبووی 1994 دانیشتووی قەزای كەلار بەهۆی سەختی برینەكەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی كراو پاش گەیاندنی بەنەخۆشخانەی سلێمانی گیانی لەدەستدا، لەئێستاشدا شۆفێری ئۆتۆمبێلەكەی دیكە بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی 24ی هاتووچۆ بەندكراوە.






PM:05:09:24/09/2020






ئه‌م بابه‌ته 8592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت