بزوتنەوەی گۆڕان وەڵامی مەلا بەختیار دەداتەوە


وێستگەنیوز-
بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەکی فەرمی وەڵامی مەلا بەختیاری دایەوە کە لەکتێبەکەیدا بەناوی "لەبری بیرەوەری"دا بڵاویکردونەتەوە و رایگەیاند، ناوبراو کۆمەڵێك تۆمەت و "بوختان و حیکایەتی بێ بنەمای" داوەتە پاڵ ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، کە مێژوو سەلماندویەتی یەکێک بوە لە ڕابەرە هەرە دیارو کاریگەرەکانی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان و قەڵەمێکی بەبڕشت و ڕاستگۆی دنیای ئەدەب و فکر و رۆشنبیری  و سیاسەت بووە.

بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەنراوێکدا بۆ رای گشتی باسی لەوەشکردوە، نەوشیروان مستەفا لەسەردەمی شاخ و قۆناغی رزگاریخوازی کورد و لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ و سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ئاشتی و دواتر دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە لە خەمی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی  دیموکرات و مۆدێرندا بوە لەسەر بنەماکانی عەدالەت و رێز لە مافی مرۆڤ، بۆیە وەستانەوە بە ڕوی ئەو "چەواشەکاری و ناڕاستی و بوختان و حیکایەت داتاشینەی مەلا بەختیار و هاوچەشنەکانی  بە ئەرکی هەمو مرۆڤێکی راستگۆ و بەویژدانی ئەم نیشتمانەی ئەزانین".

ئەوەش هاتوە، "ئەو رقە پەنگخواردوەی مەلا بەختیار، تەنها پەیوەست نیە بە مێژووەوە، بەڵکو بەشێکە لە هەڵمەتەکانی دژ بە بزوتنەوەی چاکسازی و پرۆسەی ریفۆرم و عەدالەتخوازی. بۆیە بە ئەرکێکی سیاسی و ئەخلاقی خۆمان و هەمو دڵسۆزان و هاوڕێ و یاوەرانی کاک نەوشیروانی ئەزانین، لە دەرفەتێکی نزیکدا، کۆی چەواشەکاریەکان بۆ خەڵکی کوردستان و مێژوو رونبکەینەوەو راستی نیەتی مەلا بەختیار دەربخەین".

ماوەی چەند رۆژێکە بەهۆی بڵاوکردنەوەی کتێبێک لەبارەی بەشێک لە روداوەکانی مێژوی یەکێتی لە شاخ لەلایەن مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی ئەو حزبە و باسکردن لەرۆڵی نەوشیروان مستەفا لەو ماوەیەدا، کاردانەوەی توندی  لەلایەن بەشێکی فراوان لە لایەنگران و سەرکردەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی لێکەوتوەتەوە و ناوەڕۆکی کتێبەکە رەتدەکەنەوە.

ڕونکردنەوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆ رای گشتی کوردستان:

دوای بڵاوبونەوەی کتێبی (لەبری بیرەوەری) مەلا بەختیار، کە کۆمەڵێك تۆمەت و بوختان و حیکایەتی بێ بنەمای داوەتە پاڵ ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، کە مێژوو سەلماندویەتی یەکێک بوە لە ڕابەرە هەرە دیارو کاریگەرەکانی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان و قەڵەمێکی بەبڕشت و ڕاستگۆی دنیای ئەدەب و فکر و رۆشنبیری  و سیاسەت بووە، لەمیدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا خەڵکی ڕاستگۆو پێشمەرگە دێرینە تێکۆشەرەکان و شاهید حاڵی ڕوداوەکان وخەڵکانی دڵسۆز و بەئەمەك، ئەم حیکایەتە ساختەی ناوەڕۆکی کتێبەکە و چاوپێکەوتنەکەی ناوبراویان لە کەناڵی روداو پێ قبوڵ نەکراو، هەر یەکە بەشێوازی تایبەتی خۆی، هەوڵی ڕاستکردنەوەیان دا.

نەوشیروان مستەفا یەکێکە لە رابەر و سەرکردە گەورەکانی میلەتەکەمان و لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا، خەمخۆرانەو راستگۆیانەو خۆنەویستانە، کاری بۆ ئازادی و عەدالەت و رزگاری کردوە. ئەو چ لە قۆناغی شاخدا، وەک سەرکردەیەکی کارامەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کۆمەڵە، وەک ئەندازیار و رابەری راپەڕینی ١٩٩١، وەک پلاندانەری پرۆسەی ئاشتی و رێکەوتنەکانی نێوان دوو هێزی شەڕکەری یەکێتی و پارتی، وەک کەسایەتیەکی سەرەکی لە گفتوگۆکانی دوای راپەڕین و دوای روخانی رژێمی بەعس و نوسینەوەی دەستور و پەیکەری نوێی عێراق، وە چ لە قۆناغی دامەزراندن و بەڕێخستنی بزوتنەوەی چاکسازی و گۆڕانخوازی، بزوتنەوەی گۆڕان، هەمیشە لە خەمی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی  دیموکرات و مۆدێرندا بوە لەسەر بنەماکانی عەدالەت و رێز لە مافی مرۆڤ. بۆیە وەستانەوە بە ڕوی ئەو چەواشەکاری و ناڕاستی و بوختان و حیکایەت داتاشینەی مەلا بەختیار و هاوچەشنەکانی، کە دەیانەوێت لەپاڵ باسکردنی مێژوویەکی ناڕاست و خەیاڵپڵاوانەی خۆیاندا، لە پرۆژە فکری و سیاسیە گەورەکەی بدەن و پەرێزی خۆیان لە دادگای گەل و مێژوو و ویژداندا پاکبکەنەوە، بە ئەرکی هەمو مرۆڤێکی راستگۆ و بەویژدانی ئەم نیشتمانەی ئەزانین، چونکە جورئەتکردن و نەسڵەمینەوە لە هۆنینەوەی کۆمەڵێک بوختانی بێبنەماو تەشهیرکردن بەسەرکردەیەکی دەستپاک و مێژوو پاکی وەک نەوشیروان مستەفا، وە خۆنەپاراستن لە بێڕیزی کردن و ناوزڕاندنی کۆمەڵێک کاراکتەری سەربازی و سیاسی میلەتەکەمان لە قۆناغەکانی رابردودا، سەرەتایەکی مەترسیدارە گەر روبەروی نەوەستینەوە.

ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان، وێڕای دەستخۆشی و پێزانینمان بۆ خەمخۆرانی نەوشیروان مستەفا و مێژووە پڕشانازیەکەی و خەباتی هاوسەنگەر و هاوڕێیانی، لەهەمانکاتدا رایدەگەیەنین کە بزوتنەوەی گۆڕان و هەموو گۆڕانخوازان و کەسانی دڵسۆز و راستگۆو خەمخۆری نیشتمان،  بەهەموو توانایەکەوە، ئەو هەوڵە ریسوائەکەن و بەرپەرچی ئەدەنەوە، هەم لەرێگەی خستنەروو و دەرخستنی  راستیەکان و هەمیش لە رێگای ئەو هەموو بەڵگانەی لەبەردەستدا هەن و لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاوئەکرێنەوە.

دواجار دەبێ ئەو راستیە بزانین، کە ئەو رقە پەنگخواردوەی مەلا بەختیار، تەنها پەیوەست نیە بە مێژووەوە، بەڵکو بەشێکە لە هەڵمەتەکانی دژ بە بزوتنەوەی چاکسازی و پرۆسەی ریفۆرم و عەدالەتخوازی. بۆیە بە ئەرکێکی سیاسی و ئەخلاقی خۆمان و هەمو دڵسۆزان و هاوڕێ و یاوەرانی کاک نەوشیروانی ئەزانین، لە دەرفەتێکی نزیکدا، کۆی چەواشەکاریەکان بۆ خەڵکی کوردستان و مێژوو رونبکەینەوەو راستی نیەتی مەلا بەختیار دەربخەین.

بزوتنەوەی گۆڕان
٢١/٩/٢٠٢٠  


PM:08:22:21/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 5796 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت