لە هەولێر شەش کەس دەستدرێژیی سێکسی دەکەنە سەر کچێكی 10 ساڵان کە خزمی خۆیانە



وێستگه‌ نیوز-

کچێکی تەمەن 10 ساڵانی دانیشتووی سنووری هەولێر، بەبێ ئەوەی جگە لە دونیای منداڵیی خۆی لە شتێکی دیکە تێبگات، لە تەمەنی 8 ساڵییەوە لەلایەن شەش خزمی خۆیەوە دەستدرێژیی سێکسی دەکرێتەسەر. ئەو بەو تەمەنە بچووکەیەوە دەڵێت "ژیانم کراوەتە دۆزەخ". باوکیشی دەڵێت "تازە بەوە دەزانم و  نازانم هانا بۆکێ ببەم و چ بکەم؟".
 
(ی. س) ناوی ئەو کچە منداڵەیە، کە دوو ساڵە دەستدرێژیی سێکسی دەکرێتەسەر و ئێستا تەمەنی 10 ساڵە. بەگوتەی باوکی منداڵەکە لەمێژە هەڵسوکەوتی گۆڕاوەو "هەموو رۆژێک ئاهی سارد هەڵدەکێشێت و ناخی پڕە لە رق". 
 
باوکی کچەکە: زاوا، ئامۆزا و پورزام بوون
 
باوکی کچەکە سەبارەت بە کەیسی منداڵەکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رۆژی 15ی ئایاری ئەمساڵەوە زانیویەتی کچەکەی دەستدرێژی دەکرێتەسەر و دەڵێ "لەلایەن چەند خزمێکی نزیکی خۆشم کراوە". 
 
بە گوتەی باوکی کچەکە، ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە، یەکێکیان زاوایەتی و مێردی خوشکیەتی، دوو کوڕی پووری خۆی و کوڕە پوور و ئامۆزایەکی دایکی بوون، لەگەڵ کەسێکی دیکەی گوندەکە و تاوەکو ئێستاش لە گوندەکەدا ماون.
 
باوکی (ی) جگە لە بیرکردنەوە لەو تاوانەی بەرامبەر کچەکەی کراوە، بەردەوام ئەو پرسیارەش لەخۆی دەکات: بۆچی وایان لە کچەکەی کردووە؟ لەبەرامبەر چی؟. 
 
باوکەکە، کچەکەی بە بێکەس وەسف دەکات، بەوهۆیەی چەند جارێک کەیسی کچەکەی بردووەتە رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان و دادگا و پۆلیس، "بەڵام هیچمان بۆ نەکراوە و هەر دەستی دەستیمان پێدەکرێت".
 
باوکی کچەکە چەند جارێک جەختیکردەوە، "تکا لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بەدەم داواکارییەکەمەوە بچن و نەهێڵن کەیسی کچەکەم بە لاڕێدا ببرێت". 
 
پارێزەری منداڵەکە: دادگا کەیسەکە دوادەخات
 
ئەلمێرا ئەحمەد، لە رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان پارێزەری دۆسیەی کچەکەیە (ی.س). بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان مافی منداڵەکەیان لا گرنگە و "دەشبێت مافی منداڵەکە بسەندرێتەوە". بەڵام پارێزەرەکەش هەمان قسەی باوکی منداڵەکە دەکات و دەڵێت "تاوەکو ئێستا دادگا هەر دۆسیەکە دوادەخات و ئێمەش نازانین هۆکارەکەی چییە".
 
پارێزەرەکەش ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە لەلایەن شەش کەسی خێزانەکەیەوە کە هەر لە گوندەکەی ئەودا دەژین دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر منداڵەکە. دەشڵێت "هەموو دەستدرێژییەکان لەڕێگەی کۆمەوە کراوە".
 
چیرۆکی دەستدرێژییەکان لە زاری کچە 10 ساڵانەکەوە
 
ئەو کچەی دەستدرێژییەکانی کراوەتەسەر قوتابییە و لەدایکبووی ساڵی 2010ـەیە، خۆی باسی رووداوەکان دەکات و دەڵێت "رێکەوتی رووداوەکانم لەبیر نییە، بەڵام یەکەمجار کە دەستدرێژیم کرایەسەر چووم بۆ دووکانی کاک (س) شت بکڕم، دواتر کەسێک بەناوی (ب) دەستدرێژی کردەسەرم، هەرچەندە هاوارمکرد، بەڵام دەستی لەسەر دەمم دانا و دواتر ئازادی کردم."
 
ئەو کچە بەردەوام بوو لە قسەکردن و سەبارەت بەوەی چەندجارێکی دیکە لە چەند شوێنێکی جیاواز دەستدرێژی کراوەتەسەر و دەڵێت "کەسێکی دیکە بەناوی (ب) منی بردە لای خانوویەکی تەواونەکراو و لەوێ هێرشی کردەسەرم و دەستدرێژی کردەسەرم."
 
لە رووداوەکانی دیکەشدا وەک خۆی باسی دەکات، کەسێکی دیکە بەناوی (ر) دەستدرێژی سێکسی کردووەتەسەر و چەند جارێک بە هەڕەشە لە سەربانی ماڵەکەیان و لەنێو حەمام دەسدرێژی سێکسی کردووەتەسەر.
 
باوکی ئەو کچە داوا دەکات تۆمەتبارانی رووداوەکە چ سزایەک دەیانگرێتەوە بەسەریاندا بسەپێندرێت و بەزووترین کات دەستگیربکرێن و رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە. هەرچەندە باوکی دەڵێت "دادگا زۆر بێدەنگە بەرامبەر کەیسەکە و داوادەکەین بەزووترین کات تۆمەتباران دەستگیربکرێن".
 
توانا بورهان جاف، پارێزەر لەبارەی ئەو دۆسیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سەبارەت بەو کردەوەیەی روویداوە لەلایەن دەستدرێژی کارانەوە، لە پاش کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە دۆسیەکە، لە دەسەڵاتی بەڕێز دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەیە دیارکردنی ماددەی یاسایی، بەڵام ئەم کردەوەیە بەپێی یاسای سزاکانی عێراق ژمارە 111ی ساڵی 1969 بە تاوانەکانی لادان لە رەوشت و ئاکارە گشتییەکان هەژمارکراوە لە رووی یاساییەوە".
 
ئەو پارێزەرە ئاماژە بەوەش دەدات "ئەم کردەوەیەی بەرامبەر کچەکەکراوە، دەکەوێتەوە ژێر رکێفی ماددەی 393 (تاوانی بەزۆرکاری جووتبوون)، هەردوو بڕگەکانی (1و2/ ا.ب.ز)ی لەسەر جێبەجێدەکرێت. تۆمەتبارانیش دوای یەکلایبوونەوەی تۆمەتەکەی بە زیندانی هەتا هەتایی یان کاتی سزادەدرێت کە سزاکەی دەگاتە 15 ساڵ. چونکە ئەم تاوانە بە بارودۆخی سزاتوندکار هەژماردەکرێت و تاوانلێکراو تەمەنی 18 ساڵ کەمترە و تۆمەتباران لە خزمی تاوانلێکراون."
 
هەروەها ئەو پارێزەرە راشیدەگەیێنێت، تۆمەتبەران لە دوو کەس زیاترن و هاوبەش بوون لە ئەنجامدانی تاوانەکە. بەپێی ماددەکانی 47 و 48 و 49 لە هەمان یاسای ناوبراو وەکو هاوبەش لە تاوان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. 
 


PM:02:33:21/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 16600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت