سێ وڵاتی ئەوروپی دژی سەپاندنەوەی سزاکانن بەسەر ئێراندا

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا وەک سێ وڵاتی ئەوروپی بەشدار لە رێککەوتنی ئەتۆمی دژایەتی خۆیان بۆ هەوڵەکانی ئەمریکا لە پێناو سەرلەنوێ سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر تاران دەربڕی.


ئەو سێ وڵاتە ئەوروپییە لە نامەیەکیاندا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، "هەر جۆرە بڕیار یان هەنگاوێک بۆ سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بە سەر ئێران هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و پێویستە ئەو سزایانە هەڵپەسێردرێت و هەڵپەساردنەکەشی بەردەوام بێت".

ئاماژەیان بەوەشکردووە: "ئێمە بێ وەستان کارمان کردووە بۆ پاراستنی رێککەوتنامەی ئەتۆمی و پابەندیش دەبین بەو رێککەوتنەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمریکا رایگەیاندووە، کە لە 20ی ئەم مانگەوە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەهۆی رێککەوتنی ئەتۆمیەوە هەڵپەسێردرابوون جارێکی تر بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنرێنەوە.

بەگوێرەی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015، لە ئەگەری پابەندنەبوونی ئێران بە رێککەوتنەکە، وڵاتانی دیکەی بەشدار لە رێککەوتنەکە دەتوانن دۆسیەکە ببەنەوە ئەنجومەنی ئاسایش و داوای گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتیەکان بکەن.

ئێران و وڵاتانی تری بەشداریش لە رێککەوتنەکە باس لەوەدەکەن، بەهۆی ئەوەی ئەمریکا لە ساڵی 2018ەوە لە رێککەوتنەکە کشاوەتەوە مافی ئەوەی نییە پرسی سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر تاران بباتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

هــ. ر


AM:09:08:20/09/2020


ئه‌م بابه‌ته 3292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت