بنەماڵەی یەکێک لە پێنج شەهیدەکەی حزبی کۆمۆنیست داوایەک لەمەلا بەختیار دەکات

‌وێنەی پێنج شەهیدەکەی حزبی کۆمۆنیست

وێستگەنیوز-

برای یەکێک لەو پێنج کەسەی لە تەمموزی ساڵی 2000 لە روداوی "شەهیدکردنی کۆمۆنیستە کرێکارییەکان" کوژران رایگەیاند، لەسەر ئەو دۆسیەیە کە مەلا بەختیار لە کتێبەکەیدا باسی  کردوە، ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵە داوای یاساییان لە دادگا تۆمارکردوە و دۆسیەکە هیچ بەرەو پێشچونێکی تێدا بەدینەهاتوە، بۆیە داوا لە ناوبراو دەکەن "کەمترین چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە بەڕێزت لە دادگا شاهێدی لەسەر روداوەکە بدەیت و گەردن پاکی خۆت لەو ڕووداوە بەدەست بهێنیت".

جەبار موحسین برای (شەهید شێخ عەبدول) لە نامەیەکی کراوەدا کە ئاڕاستەی مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی کردوە نوسیویەتی، "بەڕێز مەلا بەختیار لەو کۆنگرە ڕۆژنامەگەریەدا کە بۆ تیشک خستنە سەر کتێبەکەت، رێکخرابوو دانت نا بەوەدا کە نەوشیروان مستەفا تاوانبارە لە کوشتنی کۆمۆنیستە کرێکارییەکان لە 14ی 7ی ساڵی 2000 دا. لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیدا بە ئامادەیی نەوشیروان خۆی ناڕەزایەتیت دەربڕیوە".

ئاماژە بەوەشکراوە، "هەر چۆن ئاوا ئاگاداری ئەم ڕووداوەیت و لە سەرکردایەتی باستان کردووە کەمترین چاوەڕوانیش ئەوەیە کە ئاگاداری کەم تازۆری چۆنێتی ئەو ڕووداوە و کارەکتەرە سەرەکیەکانی ئەو ڕووداوە بیت، حەتمەن دەبێ ئاگاداریش بیت کە ئێمە وەک خێزانی ئەو گیانبەختکردوانەو  وەک حزبیش دەعوای یاسایی خۆمان تۆمار کردووە لە دادگا لە ساڵی2013ەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو کەیسە لە دادگا بە کراوەیی ماوەتەوە. تاوانباران بانگ کراونەتە بەردەم دادگا و لە غەیری یەکێکیان کەسیان ئامادەی دادگا نەبوو ووتەیان لێ وەربگیرێت، ئەویش کە ئامادە بووە بێ ئاگایی و بێبەری خۆی لە ڕووداوەکە ڕاگەیاندووە. سەرئەنجام هەتا ئێستا بە غیابیش بێت هیچ کەسێک دادگایی نەکراوەو سزای خۆی وەرنەگرتووە".

برای (شەهید شێخ عەبدول) لە نامەکەدا بە مەلا بەختیار دەڵێت، "مادام تۆ دەڵێیت هەڵوێستم بووەو نیگەران بووم بەو ڕووداوە، کەمترین چاوەڕوانی ئەوەیە کە بەڕێزت بفەرموویت بۆ دادگا شاهیدی خۆت لەسەر ئەو کەیسە بدەیت و ئەو زانیاریانەی لەلاتە بیخەیتە سەر دۆسیەکە لە دادگادا. هەڵوێست وەرگرتن تەنها بە وتە ناکرێت بەڵکو دەبێ ڕێچکەی پراکتیک و یاسایی خۆی وەرگرێت، لەم پێناوەدا من بانگەوازت دەکەم هەستیت بەم کارەو گەردن پاکی خۆت لەو ڕووداوە بەدەست بهێنیت".

ئەمڕۆ شەممە  مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی لە مەراسیمی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی بەناونیشانی "لەبری بیرەوەری" پەیوەست بە روداوی پێنج شەهیدەکەی حزبی کۆمۆنیست وتی، "تەنها من لە سەرکردایەتی یەکێتی وتم هەڵەیەکی گەورەیە کە کراوە، بە ئامادەبونی خودی کاک نەوشیروان وتم رێگەی چارەسەر زۆر بوو بیگرینەبەر نەک بەو شێوەیە پێنج گەنجی ئەم وڵاتە کە چەپن، کۆمۆنیستی کرێکارین، توندڕەون هەرچییەک بن کوشتنیان کارێکی ناڕەوایە".
 
ڕۆژی 14ی 7ی 2000 لەهەل و مەرجێکی تەم و مژاویدا پێنج کادێری حزبی کۆمۆنیست لەگردی عەلی ناجی شاری سلێمانی کەوتنە بۆسەیەکی چەکدارانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوەو شەهیدکران.

پێشتر گرژی ڕاگەیاندن لەسەر چۆڵکردنی بارەگای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری دروستببوو یەکێتی داوایی لێکردن کەدەبێت بارەگاکەیان ببەنە دەرەوەی شارو لەناوماڵەکاندا نەیهێڵن کە ئەوکات ڕادیۆکەیان دەکەوتە نزیک ماڵی نەوشیروان مستەفاوە.

زۆرترین پەنجەی تۆمەت لەسەر ئەو ڕووداوە بۆ نەوشیروان مستەفا درێژکرا، بەڵام ناوبراو ڕەتیدەکردەوە و یەکێتیش ئاماژەی بۆ ئەوە دەکرد کە پێکهەڵپژان لەگەڵ مەفرەزەیەکی ئاسایش دروستبووەو ئەو ڕووداوەی لێکەوتۆتەوە.



PM:11:16:19/09/2020




ئه‌م بابه‌ته 12232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت