ڤیان مەحمود: چیتر پێویست ناكات به‌ كامێراوه‌ هه‌ژاران بگریه‌نین بۆ له‌ته‌ نانێك

‌ڤیان مەحمود، پێشكەشكاری بەرنامەی نیهان

وێستگه‌ نیوز ـ

خانمه‌ پێشكه‌شكاری بەرنامەی نیهان لە كه‌ناڵی ئاسمانی سپێده‌ باس له‌ به‌رنامه‌کەی ده‌كات كه‌له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا بۆ كۆمه‌كی دارایی خه‌ڵكانی هه‌ژار و كه‌مده‌رات په‌خش ده‌كرا و وەک خۆی ئاماژەی پێدا ئامانجەکەی بە دیهێناوە، ده‌شڵێت: "چیتر پێویست ناکات بەکامێراوە وێنەی هه‌ژاران بگرین و بیانگرێنین بۆ تیکە نانێک".


ڤیان مەحمود، پێشكەشكاری بەرنامەی نیهان كە لەكەناڵی ئاسمانی سپێدە پەخشدەكرێت له‌ لێدوانێكدا بۆ وێستگه‌ نیوز رایگه‌یاند: "نیھان بەرنامەیەکه‌ لە ھەناوی ھەژارانەوە بۆ خێرخوازان ھەڵقوڵاوە، نیھان پەیامی مرۆڤدۆستییه‌، پەیامی ھەست و نزای ھەژاران بوو ویستمان لەرێگەی نیھانەوە دەرگای خۆشبەختی بۆ ماڵە ھەژارو سکە برسییەکان بکەینەوە".

ڤیان مه‌حمود ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "شوکر بۆ خوا ئامانجەکەمان بەدیھات و پێشوازییەکی گەرم و گەورەی لێکرا، بۆیە چیتر پێویست ناکات بەکامێراوە وێنەیان بگرین و بیانگرێنین بۆ تیکە نانێک ھەستی مرۆڤایەتی گرنگترە لە ھەموو کارێک بەلای ئێمەوە بۆیە بریارمان داوە درێژە بەنیھان بدەین".

پێشكه‌شكاره‌كه‌ی كه‌ناڵی ئاسمانی سپێده‌ ئه‌وه‌شی باسكرد: ھەرلەو سۆنگەی بەرپرسیارەتیەوە نیھان لەوەرزی نوێ بەردەوام دەبێت پەیامی نیھانی ئەمجارە درێژە پێدەر دەبێت بە یارمەتیدانی ھەژاران بەبێ ئەوەی ھەستیان بڕوشێ و پیشانبدرێن، خێرخواز دەتوانێت ببەخشێت بە دانەوەی قەرزی دوکانێکی خواردن یان دەرمانخانە یان کرێی خانوو یان پێداویستی ماڵ بەھەر شێوەیەک بێت گرنگ نییە، خێرخواز دەرکەوێت مادام لەبەر خاتری خوایه‌ کە ئەوەش لای خوا مەقبولترە".

بەرنامەی نیھان، بەرنامەیەکی خێرخوازییە و جیاواز لە به‌رنامه‌كانی دیكه‌ی خێرخوازی كه‌ هه‌ژاران ده‌گریه‌نن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك بۆیان، له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا توانی پاره‌ی قه‌رزی به‌شێك له‌ قه‌رزاران بداته‌وه‌ ئه‌ویش به‌ سووتاندنی ده‌فته‌ری قه‌رزه‌كان و دانه‌وه‌ی پاره‌كه‌ بۆیان.


PM:12:52:17/09/2020






ئه‌م بابه‌ته 11424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت