شاسوار عەبدولواحید رۆژی دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان رادەگەیەنێت


وێستگەنیوز-
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، لەئێستادا چاوەڕوانی وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستانن بۆ ئەو چوار داواکاریەی کە 12ی ئاب خۆپیشاندەران داوایانکرد، ئەگەر وەڵامنەدرێنەوە لە زوترین کاتدا و بەشێوەیەکی فراوانتر "خۆپیشاندانی سەدان هەزار کەسی بۆ روخاندنی ئەم دەسەڵاتە دەستپێدەکەینەوە، چونکە دۆخی خەڵک خراپە و حکومەتی هەرێم پابەند نیە بە رێککەوتنەکانی لەگەڵ بەغدا بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەران".

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە پێشوتریش وتومانە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نابێت بە رێککەوتنەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ رادەستکردنی خاڵە سنورییەکان یان تەنانەت چاودێریکردنیان، چونکە بە لای یەکێتی و پارتییەوە زیادکردنی قازانجی کۆمپانیاکانیان لە هەمو شتێک گرنگترە و پاکیان بە دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان نیە".

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران، لە زوترین کاتدا وادەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی فراوان رادەگەینن و داواش لە هاوڵاتیان دەکەن ئەمجارە بەشێوەیەکی فراوانتر و بۆ دەستبەرکردنی مافەکانیان بێنەسەر شەقام.

جێی ئاماژەیە دوێنێ جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنە لەشار و شارۆچكەكانی كوردستان پشتیوانی داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی کرد، خۆپیشاندەران داوایانکرد حکومەتی هەرێم و ئەنجومەنی دادوەری بەهۆی "بێ تواناییەوە لە ئیدارەدانی وڵات دەست لەکاربکێشنەوە".

حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی خراپی دۆخی ئابوری و رێكنەكەوتنی لەگەڵ حكومەتی عێراق تائێستا تەنها دوو مووچەی ئەمساڵی داوە كە یەكێكیان بەلێبڕینی 21%ە، تائێستا مووچەی مانگی ئازاری ئەمساڵی دابەش نەكردووە.


PM:09:23:13/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 6232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو