بابەكر زێباری: شەھیدكردنی دوو فەرماندەی پاسەوانی سنوور جێگەی گومانە


وێستگە نیوز-

بابەكر زێباری، راوێژكاری سەربازی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، توركیا بەبێ پرسی ھەرێم ھاتووە و ھەڵوێستی عێراقیش زۆر لاوازە لەبەرامبەر دەستدرێژییەكانی توركیا و دەشڵێت "ئەگەر ھەرێمی كوردستان زانیاریی بە توركیا داوە بۆ لێدانی پەكەكە، بۆچی فڕۆكەی توركیا فەرماندەكانی عێراقی كردووەتە ئامانج و چەكدارانی پەكەكەی لەو ناوە بۆردومان نەكردووە، ئەمە جێگەی گومانە".

لە ناوەڕاستی ئەمساڵ توركیا ئۆپەڕاسیۆنێكی سەربازیی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكانی كوردستان (پەكەكە) لەنێو خاكی ھەرێمی كوردستاندا دەستی پێ كردووە و ڕاوێژكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستانیش رایدەگەیەنێت، توركیا بەبێ پرسی ھەرێم ھاتووە و ھەڵوێستی عێراقیش زۆر لاوازە لەبەرامبەر دەستدرێژییەكانی توركیا.

بابەكر زێباری، ڕاوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "توركیا بەبێ ھیچ ڕێككەوتن و ھەماھەنگییەك ھاتووەتە نێو خاكی ھەرێمی كوردستان و تەنانەت ھەماھەنگیی لەگەڵ بەغداش نەبووە، بەڕاستی توركیا كێشەیە بۆ ئێمە، ئەوان دەڵێن بە بەھانەی ھەبوونی چەكدارانی پەكەكە دێینە ناو خاكی ھەرێمی كوردستان و پێویستە پەكەكە لە ھەرێمی كوردستان نەمێنێت".

زێباری ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە: "توركیا داوای كردووە ھەرێم سنوورەكانی بەڕووی پەكەكە دابخات، بەڵام پرسیاری ئێمەش ئەوەیە بۆچی توركیا خۆی سنوورەكانی داناخات؟، ئەمە لە كاتێكدایە توركیا دەوڵەتە و لەڕووی سەربازی و ماددی و تەكنیكییەوە وڵاتێكی بەھێزە، خۆی دەتوانێ سنوورەكانی دابخات و خۆی لەو سەرئێشەیە ڕزگار بكات، توركیا ٩١١ كم سنووری لەگەڵ سووریا ھەیە و ھەمووی كۆنتڕۆڵ كردووە، ئێستا خەریكە سنووری لەگەڵ ئێران دابخات، كەچی ناتوانێ سنووری خۆی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان كۆنتڕۆڵ بكات كە ھەمووی ٣٤٠ كیلۆمەترە".

لەبارەی ئەوەی بۆچی پەكەكە ئامادە نییە ڕەوشی ھەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرێت و بەھانە نەداتە دەست توركیا بۆ بەئامانجگرتنی خەڵك و خاكی ھەرێمی كوردستان، ڕاوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ڕوونیكردەوە: "ئەم كارەی پەكەكە دروست بۆ ئەوەیە كوردستانی باشوور نەمێنێت، ئەمە حەقیقەتە و ئامانجی پەكەكەش ھەر ئەوەیە، كوردستان چوار پارچەیە، خەڵكێك بەبێ خواستی ئێمە، كوردی دابەشی سەر چوار پارچەی كردووە و ئێستاش ئەو خەڵكەی كوردیان پارچە كردووە ماون و پێویستە ئەمە لەبەرچاو بگیرێت."

پەیوەست بەو تۆمەتانەی پەكەكە گوایە لە ھەرێمی كوردستانەوە ھاوكاریی توركیا دەكرێت بۆ لێدانی پەكەكە، بابەكر زێباری دەڵێت: "باشە ئەگەر ھەرێمی كوردستان زانیاریی بە توركیا داوە بۆ لێدانی پەكەكە، بۆچی فڕۆكەی توركیا فەرماندەكانی عێراقی كردووەتە ئامانج و چەكدارانی پەكەكەی لەو ناوە بۆردومان نەكردووە، ئەمە جێگەی گومانە، من لە دوای ڕاپەڕینەوە مامەڵەم لەگەڵ پرسی پەكەكە ھەبووە و ئەوەی من زانیومە لە ھەر سێ چەكداری پەكەكە، دوویان سەر بە ھەواڵگری دەوڵەتێكی ئیقلیمی بوون، ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە".

بابەكر زێباری ئاماژەی بەوەكرد "عێراق ھەڵوێستێكی لاوازی ھەیە بەرامبەر بە توركیا لەسەر پێشێلكردنی سەروەریی خاكەكەی، ھەتا لە نەتەوە یەكگرتووەكان سكاڵای تومار نەكردووە و ھەڵوێستی بەلاواز دەبینم".



PM:07:13:13/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 2540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت