سوپای عیراق: بەچەندین رێگا دەتوانین وەڵامی تورکیا بدەینەوە

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق رایگەیاند، ‎چەندین رێگەیان لەبەردەستدایە بۆ وەڵامدانەوەی تورکیا.

‎یەحیا رەسول زوبەیدی وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، بەزاندنی سەروەری خاکی عیراق هێڵی سورە و سوپاکەیان چەندین رێگای لەبەردەستدایە بۆ وەڵامدانەوەی تورکیا.

‎ئاماژەی بەوەشکرد، عیراق رێگەنادات خاکی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت، بەڵام تورکیاش دەبێت رێز لەسەروەری خاکی عیراق بگرێت.

پێشتر، وەزارەتی دەرەوەی عیراق وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بۆردومانەکانی تورکیا، سەردانی خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیای بۆ بەغدا ھەڵوەشاندەوە، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ سەردانی بەغدا بکات.

رۆژی سێشەممە، لە کاتی کۆبوونەوەی پاسەوانی سەر سنوور و پەکەکەدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی سەربازی پاسەوانی سەر سنوری عیراقی بۆردومان کرد، بەوھۆیەوە سێ سەربازی پاسەوانی سەر سنور شەھید بوون، کە دووانیان ئەفسەر بوون.


PM:02:18:13/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 1972 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت