په‌رله‌مانتارێك: گفتوگۆكانی نێوان بەغدا و هه‌ولێر به‌ بنبه‌ست نه‌گه‌یشتووه‌


وێستگه‌ نیوز ـ

دوای دوو به‌یاننامه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی دارایی عیراق له‌ باره‌ی رێككه‌وتنی نێوان به‌غدا و هه‌رێم و "پاشه‌كشه‌كردنی هه‌رێم له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌"، په‌رله‌مانتارێكی كوردی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، گفتوگۆكان به‌ بنبه‌ست نه‌گه‌یشتوون.


كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی چوارشه‌ممه‌ 12ی ئابی 2020، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، كۆتایی هات و له‌ راگه‌یه‌ندراوی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رایگه‌یاند: "بەداخەوە حكومەتی فیدراڵی زیاتر لە سێ مانگە ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەك وەك مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت".

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم راشیگه‌یاندبوو، له‌ كاتێكدا هیچ بیانوویه‌كیان بۆ به‌غدا نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌ و هه‌موو مه‌رجه‌كانیان قه‌بووڵ كردووه‌، به‌ڵام ماوه‌ی سێ مانگه‌ حكومه‌تی عیراق ئاماده‌ نییه‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ هه‌رێم بنێرێت.

ئه‌مه‌ش وا لێكدرایه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی رێككه‌وتن نییه‌ و مه‌رجه‌كانی به‌غدای قه‌بووڵ نییه‌ بۆ ناردنی نوێنه‌ری چاودێری دارایی بۆ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان.

شەوی رابردوو وەزارەتی دارایی عیراق راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: "حكومەتی فیدراڵ لەچوارچێوەی مافە دەستورییەكانی بۆ پاراستنی دەروازە سنورییەكان‌و چاودێریكردنی داهاتەكان‌ و لێبڕینە گومرگییەكان، ئەو بنەمایەی شەراكەتی پێشنیاز كرد كە لە بڕگەی یەكەمی ماددەی (114)ی دەستوردا هاتووە بۆ زامنكردنی چاودێری لەسەر دەروازە سنورییەكانی هەرێم، لەم رووەوە دەكرێت ئاماژە بەوە بكرێت كە حكومەتی هەرێم نەرمی پێویستی نەنواند بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە".
 
لە راگەیەندراوەکەی‌ وەزارەتی‌ دارایی‌ عیراقدا حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان بەوە تۆمەتبار کراوە کە ئەو پشکە پارانەی‌ کە وەک مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم لەلایەن حکومەتی‌ ناوەندەوە خەرج کراوە نەگەیەنراوەتە دەست فەرمانبەرە راستەقینەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان.  

وه‌زاره‌تی ناوبراو باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ حكومه‌تی به‌غدا چه‌ندین داواكاریی به‌ واژووی هه‌زاران فه‌رمانبه‌ری هه‌رێم پێگه‌یشتووه‌ كه‌ مووچه‌كانیان به‌ میكازمێكی بانكی به‌ به‌غداوه‌ ببه‌سترێته‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ شیروان میرزا، ئه‌ندامی كوردی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: به‌غداو هه‌رێم له‌ رێككه‌وتن نزیك بوون، به‌ڵام ئه‌و دوو به‌یاننامه‌یه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی دواخست.

به‌ وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، گفتوگۆكانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر به‌ بنبه‌ست نه‌گه‌یشتووه‌، به‌ڵام ده‌كرێت كار بۆ خاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو به‌یاننامه‌یه‌ی نێوان هه‌ردوولا بكرێت.

ناوبراو جه‌ختی كرده‌وه‌، كه‌ رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوولا زۆر گرنگه‌ و به‌ پێویستی زانی بۆ زامنكردنی شایسته‌ داراییه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، رێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت.

به‌پێی زانیارییه‌كان لە كۆبونەوەكەی‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ 11ی ئابی 2020ی به‌غدا، مستەفا كازمی رەزامەندی دەربڕیبوو لەسەر ناردنی 320 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان، لەبەرامبەر تەنها 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكانی هەرێم بە بێ داهاتی نەوت، بەڵام ئەمە بە مەرجی ناردنی فەرمانبەرانی چاودێری دارایی و دەستەی خاڵە گومرگیەكانی عیراق بۆ دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان وەك چاودێر، لەبەرامبەردا فوئاد حسێن بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی، رەزامەندی دەربڕی بوو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بە رێككەوتنەكە رازی بوو.


AM:09:55:13/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 2636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو