حكومه‌تی هه‌رێم بۆ یه‌كگرتوو: بەیاننامەکەتان تۆمەتی بێ بنەمایە


وێستگه‌ نیوز ـ

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانی دایه‌وه‌و رایگه‌یاند، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ناواقیعیانه‌ باسی له‌ دۆخی هه‌نووكه‌یی هه‌رێمی كوردستان و پرسی مووچه‌و كۆرۆنا كردووه‌.


د. جوتیار عادل، وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان خوازیارە بە هاوکاریی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، ئەم دۆخە سەختەی تەندروستی و دارایی و لێکەوتە سیاسییەکانی تێپەڕێنێت.

ده‌شڵێت: "ئەرکێکی نیشتیمانیی سەرشانی هەموو لایەکمانە کە دۆخی تەندروستیی هاووڵاتیان و بژێوی و ژیانیان، کە دەرەنجامی دۆخێكی نەخوازراون، نەکرێت بە کەرەستەی موزایەداتی سیاسی".

وته‌بێژه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌شی وتووه‌: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی، پەیوەست بە کێشە و قەیرانە هەنوکەییەکان، بە شێوەیەکی ناواقعیانە کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەمایان ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم کردووە. لە بارەی پەتای کۆرۆنا، حکومەتی هەرێم هەر زوو رێکاری کاریگەری گرتەبەر، بەڵام بەداخەوە هەندێ هێز و لایەن هەوڵیاندا خەڵک لە دژی رێکارەکان هان بدەن و ئێستاش کە پەتایەکە تەشەنەی کردووە، هەر ئەو هێز و لایەنانە دەکەونە وێزەی حکومەتی هەرێم".

لە بارەی ڕەوشی داراییش وته‌بێژه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێت: "کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی لەگەڵ بەغدا داوە تا بە رێکەوتنێکی شایستە و دەستووری بگەین، بەڵام تا ئێستاش بەغدا خۆی لە گەیشتن بە رێکەوتنی کۆتایی دەدزێتەوە، زۆرێک لە هێزەکانی ناوخۆش بەردەوام، بەغدا هان دەدەن کە لەگەڵ هەرێم بە رێکەوتن نەگەن، تا دۆخی ناوخۆی هەرێم ئاڵۆزتر ببێت و ئەو هێزانە سوود لەو ئاڵۆزییانە وەرگرن، ئەمەش یاری کردنە بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم".

وتیشی: "حکومەتی هەرێم پێشوازی لە هەر پێشنیاز و رێکار و بۆچوونێک دەکات کە لە خزمەتی هێورکردنەوەی دۆخەکە و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە نەخوازراوانە بێت و بێگومان هەر هەوڵێکیش بۆ گرژی و ئالۆزیی زیاتر، لە بەرژەوەندیی هیچ کەس ولایەنێکدا نابێت و لێکەوتە نێگەتیڤەکانی بە زیانی هەموو هەرێمی کوردستان دەبێت".

ئەمڕۆ چوار شەممە 12-8-2020، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەبارەی بارودۆخی تەندروستی و بژێوی هاوڵاتیان و كاسبكاران و فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوەو داوای چارەسەری بە پەلەو ڕێشەیی دەكات بۆ كێشە كەڵەكەبووەكانی هەرێم.


دەقی پەیامەكە:

ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەبارەی بارودۆخی تەندروستی و بژێوی هاوڵاتیان و كاسبكاران و فەرمانبەران وموچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ..

ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی ئابی 2020، ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە سەرپەرشتی  سەلاحەدین محەممەد بەهادینك ئەمینداری گشتی یەكگرتوو كۆبوونەوەی خۆی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای تاوتوێی دۆخی تەندروستی و سیاسی و ئابووری هەرێم و عیراق و ناوچەكە بە گشتی و قەیرانە كەڵەكەبووەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی.

كۆبوونەوە لەسەر چەند خاڵێك هەڵوێستەی كرد بەم شێوەیەی خوارەوە:

1- دۆخی تەندروستی هەرێم و تەشەنەسەندنی پەتای كۆڕۆنا لە حاڵەتی كەمتەرخەمی خۆپارێزی و كەمی كەرستەی چارەسەر و شڵەژاوی ئیدارەدانی دۆخەكە بەتایبەت لە هەولێری پایتەخت جێگای داخە و ناكرێ حكومەتی هەرێم بەم شێوەیە دەستەوەستان و بێ باك بێ لە بەرامبەر گیانی هاوڵاتیاندا.

2- دۆخی بژێوی فەرمانبەران و كەمی و دواكەوتنی موچە و قوفڵ بوونی جوڵەی بازاڕ و بێ باكی و بێ بەرنامەیی حكومەت لە ئاستێكدایە كە تەقینەوەی رق و خەم و بێ چارەیی جەماوەری برسی و گەنجی بێ هیوا گەورەترین مەترسیە لەسەر هەرێم و ناكرێ دەسەڵات و نوخبەی سیاسی وڵات لە ئاستی دا بێ تەگبیر و چارەسەر بن.

3- پشتگوێ خستنی چاكسازی گشتگیر بۆ رەگ و ریشەی گەندەڵی و ناشەفافیەت لە داهاتی نەوت و دەروازە سنوریەكان و خۆخەریككردن و خەڵك خافڵاندن بە هەندێ شتی لاوەكی یەوە یان نیشانەی نەبوونی ئیرادەی راستەقینەیە یان نیشانەی نەتوانین و دەرەقەتنەهاتنە كە هەردوكیان ئەخوازێ حزبەكانی دەسەڵات لەسەری بووەستن و بەخۆیاندا بچنەوە و بڕیاری جدی لەسەر بدەن.

4- دەستی دەستی كردن بە یەكتری لە هەرێم و سارد و سڕی مامەڵەی كێشەكانی هەولێر و بەغدا لە حاڵەتی ئێستادا هیچ پاساوێكی ئەخڵاقی و نیشتمانی نیە و ئەبێ ئەحكامی لە ناكاو و ئیسعافی پەیرەو بكرێ و هەل و مەرجەكە لەوە زیاتر هەڵناگرێ.

5- ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە هەمیشە لەگەڵ پاراستنی یەكریزیی و ئاشتەوایی نیشتمانی و سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی گەلەكەمانداین و لەگەڵ خواستی رەوای هاوڵاتیان داین، ئەمڕۆ هەست بە مەترسی پەرچەكرداری تەقینەوەیەكی حساب بۆ نەكراو ئەكەین لەم بێ متمانەیی و بێ وەزعیەی كۆمەڵگە و برسیكردن و فشار و ستەمەی لە هاوڵاتی ئەكرێ و لەم بێ منەتی و بێ باكی و ناكاراییەی دەسەڵاتدا..

بۆیە پێویستە بە بڕیاری مەحكەم و بە ئیرادەی بەهێزەوە حكومەت و هێزەكانی دەسەڵات رووبەرووی دۆخەكە ببنەوە تا كار لەكار نەترازاوە و كەشتی دەیان ساڵەی خەبات و خوێن و رەنجی میللەتەكەمان بە هەموو سەرنشینەكانیەوە نغرۆ نەبووە.

بەهیوای بیستن و بڕیاری بەرپرسانەوە.

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
12/8/2020


PM:06:29:12/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 1940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو