مه‌لا به‌ختیار داوای دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی پیران ده‌كات
مه‌لا به‌ختیار
وێستگه نیوز ـ
مه‌لا به‌ختیار، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر راگه‌یه‌ندراوه هاوبه‌شه‌كه‌ی دوێنێی نێوان پارتی و حزبه‌كه‌ی ده‌خاته‌ڕوو و داواش ده‌كات ئه‌نجومه‌نی پیران له هه‌رێمی كوردستان دابمه‌زرێت.
مه‌لا به‌ختیار، له نووسینێكدا كه‌له به‌شی بیروڕای وێستگه نیوز بڵاوكراوه‌ته‌وه، تیایدا بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی دوێنێی نێوان یه‌كێتی و پارتی، كه‌له ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی دوكان بڵاویانكرده‌وه خستووه‌ته‌ڕوو.
مه‌لا به‌ختیار ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه: راگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شی دوێنێ، به‌زۆری بۆچونه‌كانی پارتی تیایدا ره‌نگی سیاسی داوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له كۆبونه‌وه‌كه و راگه‌یاندراوه‌كه‌دا باسنه‌كراوه، ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن:
له هه‌موو حاڵه‌تێكدا.. به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێ بده‌مه موزایه‌ده‌و پروپاگه‌نده‌ی هه‌لپه‌رسته مشه‌خۆره‌كان، به‌نده، وتومه‌و ده‌یڵێم:
سه‌ره‌ڕای جیاوازيیه‌كان، نه‌ك په‌یوه‌ندی یه‌كێتی و پارتی به ئه‌رك ده‌زانم.. به‌ڵكو چاره‌نوسسازیشه. هاوكات، په‌یوه‌ندی هه‌ردوولاو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، به بناغه‌ی حوكمڕانی یٔه‌م قۆناغه داده‌نێم. هه‌روه‌ها، په‌یوه‌ندی مه‌ده‌نی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌شدا، گرنگه.
ئه‌م په‌یوه‌ندییه، دوور له روانگه‌ی حوكمڕانی زۆرینه‌ی پارتی و سیاسه‌تی دووفاقی یه‌كێتی (ده‌سه‌ڵات-ئۆپۆزسیۆن) پێویستی به لێكدانه‌وه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هاوچه‌رخه.. له‌به‌ر رۆشنایی گۆڕانكاریه‌كان. لێكدانه‌وه‌ی هاوچه‌رخ واتا:
یه‌كه‌م: سیسته‌می حوكمڕانی گۆڕانكاری ریشه‌یی به‌سه‌ردا بێت.
دووه‌م: له‌ماوه‌ی 6 بۆ 12 مانگ، ده‌ستوری هه‌میشه دیموكراسی-مه‌ده‌نی گه‌لپه‌سه‌ند، په‌سه‌ند بكرێ.
سێهه‌م: شه‌فافیه‌ت له ته‌واوی سه‌رچاوه‌كانی داراییدا هه‌بێ.
چواره‌م: گه‌نده‌ڵی ریشه‌كێش بكرێ و هه‌ر لایه‌ك و كه‌سێك، كۆن و نوێ گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر بسه‌لمێندرێ، سامانی حكومه‌تیان لێبسه‌ندرێته‌وه‌و دادگایی بكرێن.
پێنجه‌م: ستراتیژی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی، له زانكۆكاندا به بودجه‌ی ته‌واوه‌وه، به سه‌ربه‌خۆیی زانكۆكانه‌وه، په‌رله‌مان یاسای بۆ ده‌ربكات.
شه‌شه‌م: ئاسه‌واری دوو ئیداره‌یی نه‌مێنێ و هێزه چه‌كداره‌كان.. به پرۆژه‌یه‌كی گشتگیر‌و به ده‌ستوور یه‌كبخرێته‌وه. به ئاساییشه‌وه.
حه‌وته‌م: ژێرخانی ئابوری به‌رهه‌می فره‌چه‌شن؛ پیشه‌سازی، نه‌وت، كشتوكاڵ، گه‌شتوگوزار.. پته‌و بكرێ.
هه‌شته‌م: یاسای سۆسیال-دادپه‌روه‌ری بچه‌سپێندرێ.
نۆهه‌م: ژنان.. یه‌كسان له‌ته‌ك پیاوان، ئه‌رك‌و مافیان به كرده‌وه هه‌بێ!
ده‌هه‌م: ئه‌نجومه‌نی سه‌نا (پیران) بۆ ته‌كنۆكرات و شاره‌زاو شایسته‌كان، هه‌ڵبژێردرێ.
یانزه‌هه‌م: حكومه‌ته‌كان.. نیوه‌ی كه‌متریان، ته‌كنۆكرات و پسپۆڕ نه‌بن.
دوانزه‌هه‌م: نه‌خوێنده‌وارو ده‌رچوی خوێندنی سه‌ره‌تایی-ناوه‌ندی، له په‌رله‌ماندا، قبوڵ نه‌كرێ.
سیانزه‌هه‌م: به‌پێی رێژه‌ی كورد‌و پێكهاته ره‌سه‌نه‌كانی تر، له ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان، كاندیدیان له په‌رله‌مانی كوردستان‌و حكومه‌تی هه‌رێمدا هه‌بێ.
ده‌شڵێت: "ئه‌و بنچینانه و ئه‌ركی دیكه‌ش، پێویستن و ده‌شبێ بكرێنه پرۆژه‌ی ستراتیژی هاوچه‌رخ، بۆ حوكمڕانی دیموكراسی-مه‌ده‌نی.. ئه‌گینا، به‌دڵنیاییه‌وه، ئه‌م شێوه حوكمڕانییه- حزبییه گۆشه‌گیرییه‌ی ئێستای هه‌رێم، زیانی به ئه‌ندازه‌ی ئه‌قڵیه‌تی تایفه‌گه‌ری، بۆ سیسته‌می دیموكراسی هه‌یه".
PM:03:59:12/08/2020
ئه‌م بابه‌ته 2488
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت