به‌ ڤیدیۆ.. لاهور شێخ جه‌نگی تووشی كۆرۆنا بوو

‌لە ڤیدیۆکە وەرگیراوە

وێستگه‌ نیوز ـ

ئەمڕۆ سێشەممە 11ی ئابی 2020، لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە رێگەی ڤیدیۆیەکەوە رایگەیاند کە تووشی کۆرۆنا بووە و هیوای تەندروستییەکی باش بۆ خەڵک دەخوازێت.
 
لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت: "بەندەش وەک هەر هاوڵاتییەکی ئاسایی ئەم وڵاتە تووشی ڤایرۆسەکە بووم، بەڵام خۆشبەختانە تەندروستیم زۆرباشە".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات: "خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە تووشی ڤایرۆسەکە بووم، ئەمەش بۆ ئەوەی باشتر هەست بە ئێش و ئازاری هەموو ئەو هاونیشتمانییانە بکەم کە تووشی کۆرۆنا بوون". 

دەشڵێت: "ئێمە قەت خۆمان لە بەرپرسیارێتی نەدزیوەتەوە و هەمیشە لەگەڵ ئێش و ئازاری میللەتەکەماندابووین، چونکە لەماوەی رابردوودا هەر شوێنێک بە زۆنی مەترسیدار لەقەڵەم دەدرا ئێمە لەوێ ئامادەدەبووین و ورەی خەڵکمان بەرزدەکردەوە".
 
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات، کە ئەوان لەسەرەتاوە باوەڕیان بەوە نەبووە کە بەخۆکەرەنتینەکردن لە ماڵەوە لە مەترسییەکانی ئەو پەتایە دووربکەونەوە، بەڵکو، "باوەڕم وابووە کە دەبێت خۆمان رووبەڕووی ئەو پەتایە ببینەوە و هەوڵبدەین بەرگری لەشمان بەهێزبکەین و تەنها لەو شوێنانەی قەرەباڵخە و جمجۆڵی زۆر بەسەرەوەیە خۆمان بپارێزین".
 
لاهوور شیخ جەنگی دەشڵێت: "داوا لە خوای گەورە دەکەم شیفای هەموو ئەو کەسانە بدات کە تووشی ئەو پەتایەبوون و سەرەخۆشی خۆشم ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بەهۆی ئەم پەتایەوە یەکێک لە ئازیزانی خۆیان گیانی سپاردووە".
 
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێک ئاراستەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیه‌نێت: "ئێمەش دەکرێت تووشی ئەم پەتایەبین و لەکۆتایشدا ئێمەش هەمووان دەمرین، بۆیە باشتر بیربکەنەوە و هەوڵبدەن باشتر خزمەتی میلەتەکەتان بکەن و هەوڵبدەن پارە و پوول چاوتان کوێرنەکات و واز لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان مەهێنن. چونکە لەکۆتاییدا ئەوەی دەمێنێتەوە ناو و ناوبانگە و بۆیە داواتان لێدەکەم باشتر بیربکەنەوە و بیر لە کورسی و پارە و دەسەڵات مەکەنەوە".
 
لەکۆتایی قسەکانیدا سوپاسی کارمەندانی تەندروستی و هەموو کارمەندانی ناوخۆ و ئاسایشی و دامودەزگاکانی دیکە دەکات کە هەوڵیانداوە هاووڵاتیان بپارێزن و دەڵنیایان دەکاتەوە کە بەیەکەوە هەمووان ئەو دۆخە تێدەپەڕێنن.

هــ. ر


PM:01:09:11/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 4896 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو