کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە هاوینەهەواری دوکان دەستیپێکرد


وێستگەنیوز-
پەیامنێری وێستگەنیوز لەدوکان رایگەیاند، کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەستیپێکرد، لە ئاستی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی و لە ئاستی پارتیش هۆشیاری زێباری سەرپەرشتی شاندی هەردوولا دەکەن.

دوای زیاتر لە هەشت مانگ کۆنەبوونەوەی مەکتەبی سیاسی هەردوولا و دوای چەندین لێدوانی دژبەیەک پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 11ی ئاب کۆبوونەوەی شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە هاوینەهەواری دوکان دەستیپێکرد، شاندی یەکێتی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی سەرپەرشتی دەکرێت، هەروەها شاندی پارتیش هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی سەرپەرشتی دەکات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی وێستگەنیوز شاندی پارتی و یەکێتی سەرەڕایی باسکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان، پرسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر دەستبەکاربوونی مستەفا کازمی، پرسی حکومڕانی و دۆخی دارایی هەرێم و خۆئامادەکردن بۆ ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق لەو تەوەرانەن کە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا شاندی یەکێتی پێكهاتوە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی، شاڵاو عەلی عەسكەری، رزگار عەلی و خەسرەو گوڵ محەمەد ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و شاندی پارتیش پێکهاتوە لە هۆشیار زێباری و مه‌حمود محه‌مه‌د ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و عەلی حوسێن ئه‌ندامی  سه‌ركردایه‌تی پارتی.

27ی تەمموزی ئەمساڵیش شاندێکی باڵای یەکێتی بە سەرۆکایەتی  بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی کۆبوەوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردولا جەختیان لە زەروورەتی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حیزب و چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسیی هەرێم کردوەتەوە.



AM:11:09:11/08/2020














ئه‌م بابه‌ته 1432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت