وێستگە نیوز زانیاری نوێ لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی مووچە بڵاودەكاتەوە


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست وێستگە نیوز كەوتوون، بڕیارە لەم هەفتەیەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی ئازار بكات، وەك مانگەكانی پێشوو یەكەم وەزارەت، وەزارەتی تەندروستی مووچە وەردەگرێت پاشان پێشمەرگە و ناوخۆ، دابەشكردنەكەش بەپێی یاسای چاكسازی دەبێت و تێیدا سیستەمی مووچە رێكدەخرێتەوە.

دابەشكردنی مووچەی مانگی پێشوو بەهۆی كورتهێنانی باری دارایی حكومەتی هەرێمەوە، 21%ی لەكۆی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان بڕدرا، بەڵام حكومەتی هەرێم رایگەیاند، كە ئەو سیستەمە تەنها بۆ مووچەی مانگی شوبات بووە.

پێشتریش سەرچاوەیەكی ئاگادار لەشاری بەغدادەوە بەوێستگە نیوزی راگەیاند، دوای گفتوگۆی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بۆ گەیشتە رێككەوتن، هەرێم داوایكردووە لەو 300 ملیار دینارەی كە بڕیارە عێراق مانگانە رەوانەی بكات، بڕێكی دیكەی بۆ زیاد بكات، بۆیە عێراقیش پێدەچێت 15 ملیار دیناری دیكەی بۆ زیاد بكات، بەڵام بەهەمان داواكارییەكانی پێشووی عێراق كە بریتییە لەڕادەستكردنی نیوەی داهاتی گومرگ و دەروازە سنووریەكانی هەرێم بەبەغداد.

بڕیارە رۆژی سێشەممە شاندی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ و رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق سەردانی شاری بەغداد بكەنەوە.



PM:05:38:09/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 16112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت