لەنەخۆشخانەی رزگاری هەولێر كێشەی كەمی ئۆكسجین دروستبووەوە


وێستگە نیوز-

ئەمشەو جارێكی دیكە كێشەی نەمانی ئۆكسجین لەنەخۆشخانەی رزگاری بۆ تووشبووانی كۆرۆنا دروستبووەوە.

پەیامنێری كەناڵی ئێن ئارتی لەشاری هەولێر رایگەیاندووە، ئەمشەو لەدەوروبەری كاتژمێر 10.30 خولەك، لەلایەن كەسوكاری تووشبووانی كۆرۆنا لەنەخۆشخانەی رزگاری شاری هەولێر پەیوەندییان پێوەكراوە كە جارێكی دیكە كێشەی نەمان و كەمی ئۆكیجسین بۆ تووشبووانی كۆرۆنا دەستی پێكردۆتەوە.

پەیامنێری ئێن ئارتی ئاماژەی بەوەكردوە، جگە لەنەمانی ئۆكسجین، كێشەی نەمانی ئامێری هەناسەدانی دەستكردیش هەیە، بۆیە زیاتر لە 100 كەس لەتووشبوانی كۆرۆنا لەبەردەم نەخۆشخانەی رزگاری دەستیان بە هاوار و گریان كردووە، بەرپرسانی نەخۆشخانەش هیچ لێدوانێكیان بۆ كەناڵەكان نەداوە.

رۆژی پێنجشەممەش كێشەی نەمانی ئۆكسجین لەنەخۆشخانەی رزگاری دروستبوو كە بەوتەی كەسوكاری نەخۆشانی كۆرۆنا نزیكەی 18 كەس گیانیان لەدەستدا، بەڵام بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی تەنها 4 كەس گیانیان لەدەستداوە.

شەوی رابردووش مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بەدروستكردنی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەهۆكاری دروستبوونی ئەو كێشەیەی نەخۆشخانەی رزگاری.

كێشەی نەمانی ئۆكسجین لەنەخۆشخانەی رزگاری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو نەخۆشخانەیە كارگەی ئۆكسجینەكەیان ماوەی نزیكەی 3 ساڵە لەكاركەوتووە و دەبێت لەشاری سلێمانییەوە ئۆكسجینیان بۆ رەوانە بكرێت.




PM:11:45:31/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت