لەم هەفتەیەدا مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەکانی هەرێم دابەشبکرێت


وێستگه‌ نیوز ـ
وەزیری کشتوکاڵ رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغدا، کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداو و كۆگاگانی ئاویان چارەسەرکردووە، دەشڵێت، "بڕیارە لەم هەفتەیەدا مووچەکانیان دابەشبکرێت".


بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێم رایگەیاند: "بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداو و كۆگاگانی ئاو لە پەیوەندی بەردەوامدابوین و ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریداوە لەم هەفتەیەدا مووچەكانیان خەرجبكرێت".

دەشڵێت: "فەرمانبەرانمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداو و كۆگاگانی ئاو دڵنیادەكەینەوە كە لەپەیوەندی بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی لەم هەفتەیەدا مووچەكانیان خەرجبكرێت".

رۆژی 23ی ئەم مانگە، بەشێک لە کارمەندانی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوەکرد، کە داوا دەکەن بەغدا مووچەی چوار مانگی رابردوویان بۆ خەرجبکات و حکومەتی هەرێمیش لەبەر فەرمانبەرانی بەنداوەکان، ئامادەی هەماهەنگی بێت لەگەڵ بەغدا و پێویستە لە 1ی تەمموزەوە مووچەکانیان بخرێتە سەر بەغدا، بە پێچەوانەوە بەرپرسیارێتی دابینکردنی مووچەکانیان دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم.


AM:09:38:26/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 35168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت