سەبارەت بەهێرشەكانی توركیا بۆ سەر عێراق، بەرهەم ساڵح داوایەك لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات

‌بەشێك لەدیدارەكە

وێستگە نیوز-

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاندووە، عێراق بە گرنگییەوە دەڕوانێت لەهەڵوێستی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی لە پاراستنی سەروەری و سەلامەتی خاكەكەی و راگرتنی پێشێلكارییە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عیراق.

د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، لە كۆشكی بەغدا پێشوازیكرد لە ژان ئیف لۆردیان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و وەفدی هاوڕێی، بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی كۆمار، لەو دیدارەدا باس لە چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان عێراق و فەرەنسا و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاریی لە بواری ئابووری و فەرھەنگی و بایەخی هاوكاری ستراتیجی نێوانیان كرا بە ئاڕاستەی ئاوەدانی عیراق و هاوكاری لە رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا.

هەروەها ئاماژەی بەوەدراوە، لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار جەختی لەپێویستی پشتیوانیكردنی كۆمەڵی نێودەوڵەتی لە دەوڵەتی عێراقی خاوەن سەروەری تەواو كردووە وەك بناغەیەك بۆ پرۆژەی نیشتمانی و پاراستنی سەقامگیری عێراق، ھاوكات ھێنانەكایەوەی سیستمی ھەرێمایەتی كە زامنی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بێت بۆ سەرجەم گەلانی ناوچەكە.

وەك راگەیەندراوەكە باسیكردووە، بەرھەم ساڵح دوپاتیكردەوە كە عێراق بە گرنگییەوە دەڕوانێت لە هەڵوێستی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی لە پاراستنی سەروەری و سەلامەتی خاكەكەی و راگرتنی پێشێلكارییە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق، جەختیشی كردەوە لە پێویستی چارەسەركردنی كێشە سنوورییەكان لە رێگەی هاریكاری نێوان هەردوو دەوڵەتی دراوسێ‌ و دووركەوتنەوە لە گرتنەبەری رێوشوێنی تاك لایەنە.

لەلای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پشتیوانی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ هەوڵەكانی عێراق لە پارێزگاریكردن لە سەروەری و زامنكردنی سەقامگیری و  بەدیهێنانی داواكاری گەلی عیراق لە ھێنانەدی خۆشگوزەرانی و پێشكەوتندا.



PM:06:17:16/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو