حكومه‌تی عیراق كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی چه‌ند ده‌روازه‌یه‌كی تری راگه‌یاند

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ
حکومەتی عیراق کۆنتڕۆڵکردنەوەی هەریەک لە دەروازەکانی شلامجە و سەفوان و مینا‌و و ئوم قەسری راگەیاند.


ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ته‌مموز، حکومەتی عیراق کۆنتڕۆڵکردنەوەی هەریەک لە دەروازەکانی شلامجە و سەفوان و مینا‌و و ئوم قەسری راگەیاند و فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عیراقیش باس لەوەدەکات، "لەسەر فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆك وەزیران و فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان، پلانێكی تەواو بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەكان ئامادەكراوە".

پێشتریش لە راگەیەندراوێكدا فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق ئاماژەی بەوە کردبوو، "ئەو پلانە دوای كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكانی مەندەلی و مونزرییە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەروازە سنورییەكان ئامادەكراوە، بە ئامانجی كۆنترۆڵكردنی سەرجەم دەروازە سنورییەكان، پاراستنی حەرەمی گومرکی، سەپاندنی ئاسایش و جێبەجێكردنی یاسا لە سەرجەم دەروازەکاندا".

ئاماژەی بەوەشکردبوو، "هێزی دەریاوانی راسپێردراوە بۆ ئەوەی دەروازە سنورییە دەریاییەكان لە بەندەری ئوم قەسر لە پارێزگای بەسرە كۆنتڕۆڵ بكات و دەسەڵاتی تەواو بەو هێزانە دراوە بە ئامانجی سەپاندنی ئاسایش و جێبەجێكردنی یاسا لە دەروازە سنورییەكاندا".

لە 13ی ئەم مانگەدا مستەفا کازمی رایگەیاندبوو، پلانێكی باشیان بۆ كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تێیاندا ئامادەكردووە.

وەزارەتی ناوخۆی عیراقیش ئەوەی خستبووەڕوو، "لەسەر فەرمانی كازمی هێزە ئەمنییەكان لە دەروازە سنورییەكاندا خراونەتە ژێر فەرمانی بەڕێوەبەرانی دەروازەکان بۆ ئەوەی لەمەودوا، داهاتی ئەو دەروازانە بەهەدەر نەدرێت و بگەڕێتەوە گەنجینەی وڵات".

ژمارەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق 22 دەروازەیە، لەناویاندا زرباتییە، شەلامجە، مونزرییە و شیب لەگەڵ ئێران، سەفوان لەگەڵ كوەیت، تربێل لەگەڵ ئوردن، وەلید لەگەڵ سوریا، عەرعەر و عەرعەری نوێ لەگەڵ سعودیە، کە لە ئێستادا ژمارەیەکیان لەلایەن حکومەتی عیراقەوە کۆنترۆڵکراونەتەوە.

بوونی گەندەڵیی لە دەروازە سنورییەكانی عیراق یەكێكە لە گرنگترین ئەو دۆسیانەی كە هەوڵدراوە لە خولی پێشوو و ئێستای پەرلەمان یەكلایی بكرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو دۆسیەیە یەكلایی نەكراوەتەوە، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی دەروازە سنورییەكان لە پارێزگاكانی باشوری عیراق لەلایەن گروپە چەكدارەكانی شیعەوە كۆنترۆڵكراون.

هــ. ر

 


PM:02:22:15/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت