بەهۆی شکانی چیلکەی‌ پشکنینی‌ کۆرۆنا لە لوتیدا گیانی لە دەستدا

‌منداڵەکە دوای نەشتەرگەری.. فۆتۆ: گێتی

وێستگە نیوز ـ
خێزانێکی‌ سعودی‌ تووشی‌ شۆک بوون کاتێک منداڵێکیان گیانی‌ لەدەستدا، دوای‌ شکاندنی‌ چیلکەی‌ تایبەت بە پشکنینی‌ کۆرۆنا لە لوتیدا.  


منداڵەکە ناوی‌ عەبدولعەزیز جوفانە و تەمەنی‌ ساڵ و نیوێک بووە، ئێوارەی‌ رۆژی هەینی‌ 10ی ته‌مموز، خانەوادەکەی‌ بردویانە بۆ نەخۆشخانەی‌ شەقرای‌ گشتی‌ لە ریاز بەهۆی‌ بەرزبوونەوەی‌ پلەی‌ گەرمی‌ جەستەیەوە و پزیشکێکیش بڕیاریداوە کە لەرێگەی‌ لوتییەوە پشکنینی‌ کۆرۆنای‌ بۆ بکرێت.  

مساعد جوفان، مامی‌ منداڵەکە بە ماڵپەری‌ عەرەبییەی‌ راگه‌یاندووه‌، "منداڵەکەیان تووشی‌ نەخۆشی‌ درێژخایەن و مەترسیدار نەبووە، تەنها پلەی‌ گەرمای‌ جەستەی‌ بەرز بووە، پزیشکەکە بە پێویستی‌ زانیوە لەرێگەی‌ لوتییەوە پشکنینی‌ بۆ بکرێت".  

ئاماژەی‌ بەوەشکردووە، "چیلکەی‌ پشکنینەکە لەلوتی‌ منداڵەکەدا شکاوە، بۆیە پزیشکەکە بڕیاریداوە بە نەشتەگەریی بۆیدەربهێنێت و کاتژمێر یەکی‌ شەو پێی وتوون کە کارەکە کۆتایی هاتووە و توانیویانە ئامێرەکە لە لوتیدا دەریبهێنن".  

مامی‌ منداڵەکە دەڵێت، "چەندینجار داوایان لە کارمەندانی‌ تەندرستی‌ کردووە کە پزیشکەکە ئاگاداربکاتەوە تا لەبارەی‌ دۆخی تەندروسییەوە دڵنیابنەوە، بەڵام ئەوان لە چاوەڕوانیدا هێشتویاننەتەوە".  

باس لەوەشدەکات، لەکاتژمێر نۆی‌ سەرلەبەیانی‌ منداڵەکە بەشێوەیەکی‌ کتوپڕ هۆشی‌ لەدەستداوە، بۆیە بەپەلە کارمەندانی‌ تەندروستیان ئاگادارکردووەتەوە و دەرکەوتووە کە ناتوانێت هەناسە بدات، بۆیە ئامێری‌ هەناسەدانی‌ دەستکردیان بۆ بەستووە".  

مامی‌ منداڵەکە دەشڵێت: "کاتێک چونەتە نەخۆشخانە بانگهێشتی‌ پزیشکی‌ پسپۆڕیان کردووە و تیشکیان بۆ کۆئەندامی‌ هەناسە و سییەکانی‌ گرتووە، بەڵام دۆخی‌ خراپتر بووە بۆیە داوایان کردووە بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی‌ تایبەتمەند لە ریاز بۆ رزگارکردنی‌ ژیانی‌، لەکاتژمێر  12 و18 خولەک رەزامەندیان وەرگرتووە، بەڵام لە نەخۆشخانە هێڵراونەتەوە لە چاوەڕوانی‌ ئۆتۆمبیلی‌ فریاکەوتندا کە کاتژمێر یەک و19 خولەک گەیشتووە، سەرەڕای‌ ئەوەش منداڵەکە نەگوازراوەتەوە تا عەسر کاتێک کۆچی‌ دواییکردووە".  

کەسوکاری‌ منداڵەکە داوای‌ لێکۆڵینەوەیان کردووە لە هۆکاری‌ مردنی‌ منداڵەکە. وەزیری‌ تەندروستی‌ سعودیەش پەیوەندی‌ بە باوکی‌ منداڵەکەوە کردووە و جەختیکردووەتەوە کە بەدواداچوون دەکات.  

مامی‌ منداڵەکە دەڵێت: "چاوەڕوانی‌ سزادانی‌ ئەو کەسانەین کە هۆکاری‌ مردنی‌ منداڵەکەمان بوون".  

هــ. ر


PM:03:03:14/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 3268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت