تەندروستی جیهانی هەواڵی دڵخۆشكەر سەبارەت بەئامارەكانی كۆرۆنا لەكوردستان ئاشكرا دەكات


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

بەرپرسێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایدەگەیەنێت، دوو هەفتەیە ئامارەكانی كۆرۆنا ئەگەر زۆر كەمی نەكردبێت، بەڵام زیادیشی نەكردووە، بۆیە ئەگەر هاوڵاتیان پابەند بن دۆخەكە بەرەو باشتر دەڕوات.

د.نەجمەدین حەسەن، بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی بەوێستگە نیوزی راگەیاند، دوو هەفتەیە ئامارەكانی كۆرۆنا ئەگەر زۆر كەمی نەكردبێت، بەڵام زیادیشی نەكردووە، بۆیە ئەوە جێی دڵخۆشكەرەیە كە ئامارەكان بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر نەڕۆن، بەڵام لەهەندێك شوێن هەیە خراپن.

ناوبراو روونیكردەوە، بۆ نموونە ناوچەی ئەگەر بەراوردی ناوچەی گەرمیان و شاری سلێمانی بكرێت، لەسلێمانی لە 100 هەزار كەس 300 كەس تووشبووە، بەڵام لەگەرمیان لە 100 هەزار كەس 560 كەس تووشبووە، هەروەها لەپێنجوێنیش كەیسەكان زۆرن، بەڵام ئێستا گەرمیان خەریكە پێش پێنجوێنیش دەداتەوە، بۆیە تەندروستی جیهانی لەگەڵ ئەوەدایە چارەسەر بەپێی شوێنەكان بكرێت.

د.نەجمەدین ئاماژەی بەوەكرد، ئێستا  خۆشبەختانە ماوەی دوو هەفتەیە كە پێی دەڵێن هەفتەی (28،27) زیادی نەكردووە ئەوە هێمایەكی باشە و ئەگەر ئاوا بەردەوام بێت پێشبینی باشبوونی دۆخەكە دەكەن.

سەبارەت بەپابەندبوونی هاوڵاتیان بەڕێنماییەكان، د.نەجمەدین وتی "هاوڵاتیان باشترن و رەنگە كەمتەرخەمیش هەبێت، بەڵام دەبێت لایەنی ئابوری خەڵكیش لەبەرچاو بگیرێت، دەبێت رەچاوی توانای مرۆیی تەندروستی بكرێت و گرنگی باش بەستافی تەندروستی بدرێت".

تائێستا لە هەرێمی كوردستان 9 هەزار و 695 كەس توشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش پێنج هەزار و 324 كەس چاكبوونەتەوە و 340 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.




AM:11:55:14/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 6204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو