حكومەتی هەرێم سەبارەت بەدەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان بڕیاریدا

‌مەسرور بارزانی

وێستگە نیوز-
حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بۆ خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا گەشتە ئاسمانییەكان هەتا 22ی ئەم مانگە ڕادەگیرێن و دواتر بەهەماهەنگیكردن لەگەڵ حكومەتی فیدرالی بڕیاری پێویستی لە بارەوە دەدرێت بە لە بەرچاوگرتنی ڕێكار و ڕێنماییە تەندروستییەكان.

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە، بەئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەك لە وەزیرە پەیوەندیدارەكان، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی لیژنەی باڵای وەزاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆڕۆنای كرد.

بەپێی راگەیەندراوی حكومەتی هەرێم، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێكی دەربارەی ڕێژەی تووشبووان و مردن و چاكبوونەوە خستەڕوو كە ئاماژەی بە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و هەڵكشانی ڕێژەكە كرد كە هۆكارە سەرەكییەكەی پابەندنەبوونە بە ڕێنماییە تەندروستییەكان.

هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم تیشكی خستە سەر مەترسییەكانی تەشەنەكردنی زیاتری ڤایرۆسەكە لە هەرێمی كوردستان و زیادبوونی ڕێژەی تووشبووان و مردووان و ئاماژەی بەوەدا كە بەداخەوە بە هۆی بەسیاسیكردنی بابەتەكە و پابەندنەبوون بە ڕێنماییەكان، ژمارەی تووشبووان و مردووان ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە، بۆیە جارێكی دیكە داوا لە هاووڵاتییان دەكەنەوە پابەند بن بە ڕێنماییە تەندروستییەكان و پاراستنی خۆیان و كەسوكار و كۆمەڵگەكەیان.

دوای هەڵسەنگاندنی پێویستی بارودۆخەكە، لیژنەی باڵای وەزاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیاریدا:

یەكەم: بەردەوامبوونی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ لە دەركردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و ڕێنمایی تەندروستی پێویست بۆ ڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و سەپاندنی بە كارهێنانی ماسك و دەستەوانە و تێكەڵاونەبوون لە شوێنە گشتییەكان و وەزارەت و فەرمانگە حكومییەكان و بەداواداچوون بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەی پێشتر لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچوون و سزادانی سەرپێچیكاران.

دووەم: بەردەوامبوونی قەدەغەی هاتووچۆ لە نێوان شارەكان و لە نێوان پارێزگاكان لەو كاتانەی كە لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاكانەوە ڕاگەیەندراوە و درێژەدان بە داخستنی شوێنە گشتییەكان.

سێیەم: گەشتە ئاسمانییەكان هەتا 22ی ئەم مانگە ڕادەگیرێن و دواتر بەهەماهەنگیكردن لەگەڵ حكومەتی فیدرالی بڕیاری پێویستی لە بارەوە دەدرێت بە لە بەرچاوگرتنی ڕێكار و ڕێنماییە تەندروستییەكان.

چوارەم: وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان و فەرمانگەی میدیا و زانیاریی لە چوارچێوەی بڕیار و ڕینماییەكانی وەزارەتی تەندروستی، ڕاسپێردران بۆ بەردەوامبوون و برەودان بە هەڵمەتی هوشیاركردنەوەی هاووڵاتییان بۆ پابەندبوون بەڕێنماییە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەزگاكانی ڕاگەیاندنی هەرێمی كوردستان.




PM:03:18:13/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت