پێشمه‌رگه‌ پاشه‌كشه‌ی به‌ هێزێكی گه‌وره‌ی سوپاو پۆلیسی فیدراڵی عیراق كرد

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
دوێنێ له‌ ناحیه‌ی كۆكس-ی سه‌ر به‌ قه‌زای كفری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش، پاشه‌كشه‌یان به‌ هێزێكی زۆری سوپاو دژه‌تیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی عیراق كرد، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانیان بۆ كێوماڵكردنی چه‌كدارانی داعش ویستبوویان له‌ناوچه‌كه‌ باره‌گا دابنێن.


نه‌قیب سه‌ردار ره‌سوڵ، فه‌رمانده‌ له‌ لیوای پێنجی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 12ی ته‌مموز، هێزه‌ عیراقییه‌كان كه‌له‌ سوپای عیراق و دژه‌ تیرۆر و پۆلیسی فیدراڵی، له‌ چوارچێوه‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانیان بۆ كێوماڵكردنی چه‌كدارانی داعش له‌ناحیه‌ی كۆكسه‌وه‌ ویستیان داخڵی لای كفری ببن و له‌و سنووره‌ كه‌ به‌ده‌ست هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و ئاسایشه‌وه‌ية باره‌گا دانێن، به‌ڵام له‌ لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ ئاگادار كرانه‌وه‌ و رێگریان لێكرا.

وتیشی: "پێشمه‌رگه‌ پاشه‌كشه‌ی پێكردن و رێگه‌یان نه‌دا زیاتر بێنه‌ پێشه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: كه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كه‌ زیاتر له‌ دوو هه‌زار ئه‌فسه‌ر و سه‌رباز و فه‌رمانده‌ ده‌بوون و بۆ كێوماڵكردنی چه‌كدارانی داعش هاتوونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا، مه‌حمود سه‌نگاوی، فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێری پێشمه‌رگه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هێزه‌كه‌ی سوپای عیراق ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر نه‌كشێنه‌وه‌ شه‌ڕ ده‌ستپێده‌كات".

به‌هۆی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكان، گروپه‌ چه‌كداره‌كانی داعش جموجۆڵ و چالاكییه‌كانیان ده‌ستپێكردووه‌ته‌وه‌.


AM:10:34:13/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 7744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت