میترۆ: رێگری لەڕۆژنامەنووسان بۆ مەراسیمی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، ئەوپەڕی سوكایەتییە بەئازادی رۆژنامەنوسی


وێستگە نیوز-

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لەمافی رۆژنامەنووسان پشتیوانی پەیامنێرانی شاری سلێمانی دەكات ك ئەمڕۆ لەمەراسیمی بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی و دەڵێت، رێگری لەپەیامنێران هەڵكردنی هێمای سەوزە بۆ هەموو دامەزراوەكان لە پێشێلكردنی یاسای رۆژنامەگەری.

ئەمڕۆ لەمیانەی دانانی بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی لەناوچەی تاسڵوجە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت و بەرپرسانی باڵای حكومەت، جگە لەكەناڵی كوردستان 24 ی نزیك لەمەسرور بارزانی، رێگە بەهیچ كەناڵێكی دیكە نەدرا روماڵی مەراسیمەكە بكەن.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنێت، زۆرینەی رەهای پەیامنێرەكانی سلێمانی رێگرییان لێكراوە روماڵی مەراسییمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی شەقامی سەد مەتری سلێمانی بكەن كە بە ئامادەبوونی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، پڕۆژەیەك كە بۆ سلێمانی بێت و رۆژنامەنوسانی ئەو شارە بێبەش بكرێن لە روماڵكردنی ئەوپەڕی سوكایەتییە بەئازادی رۆژنامەنوسی.

میترۆ روونیكردۆتەوە، سەرۆكی و جێگری سەرۆكی حكومەت و پارێزگای سلێمانی وەزیرەكان هەموو دەزانن ئەو پەیامنێرانە مافی ئامادەبوونیان هەیە لە چالاكییەكی وەك دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەكی بۆ خزمەتی گشتی، بۆیە هەموو بەشداربووان بەرپرسن لەم پێشێلكارییە نەك تەنها بخرێتە ئەستۆی پرۆتۆكۆڵی ئەنجومەنی وەزیران.

هەروەها دەڵێت، میترۆ پشتیوانی ئەو پەیامنێرانە دەكات لە داوای بەشداریان لەو مەراسیمەو هەموو رێگری و جیاكاریەكیش بەرامبەر بە میدیاكاران رەتدەكاتەوەو پێی وایە رێگری لە رۆژنامەنوسان لە ئامادەبوون لە بۆنەیەكی گشتی كە سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت تیایدا ئامادەن، هەڵكردنی هیمای سەوزە بۆ هەموو دامەزراوەكانی لە پێشێلكردنی یاسای رۆژنامەگەری.


PM:06:15:11/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو