گوندێكی دیكه‌ی قه‌زای زاخۆ دوای هێرشێكی توركیا چۆڵكرا


وێستگه‌ نیوزـ

له‌ شه‌وی رابردوه‌وه‌ تائێستا دوو گوند له‌ قه‌زای زاخۆ له‌به‌ر هێرشی سوپای توركیا چۆڵكرا، هێزه‌كانی پاراستنی گه‌لیش كوژرانی هه‌شت سه‌ربازی توركیا و خاپوركردنی دوو خه‌نده‌قی ئه‌و سوپایه‌یان راگه‌یاند.

په‌یامنێری وێستگه‌ نیوز له‌ ده‌ڤه‌ری بادینان رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 11ی ته‌مموزی 2020، گوندی ئەڤلهێ لە ناحیەی دەرکاری سەربە قەزای زاخۆ له‌دوای هێرشه‌كانی سوپای توركیا بۆ ناوچه‌كه‌ چۆڵكراوه‌.

وتیشی کە دووه‌م گوندی ئەو ناوچەیە كه‌ دوای هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر حەفتەنین چۆڵ دەکرێت، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ شه‌وی رابردوو  دلشێر عەبولستار، بەرێوەبەری ناحیەی باتیفا تایبەت بە وێستگەنیوزی راگەیاند، بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی سوپای تورکیا گوندی ئەڤلە  لەسنوری ناحیەی باتیفا بە تەواوی چۆڵکرا، ئەوەش دوەم گوندە لە سنورەکەدا چۆڵدەکرێت چونکە لە چەند رۆژی رابردودا گوندی کەشانێ بەهەمان هۆکار چۆڵکرابوو.

لەلایەکی دیکەشەوە زێرەڤان موسا، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار لە سنوری قەزای زاخۆ بە وێستگەنیوزی راگەیاند، لە چوارچێوەی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە ناو سنوری هەرێمی کوردستان، کاتژمێر 3:00ی دوانیوەڕۆی هه‌ینی هێزێکی سەربازی ئەو وڵاتە لە چیای شاقۆڵ لە سنوری ناحیەی دەرکار جێگیرکراوە و تورکیا لەرێگەی هەلیکۆپتەرەوە ئەو هێزەی بۆ سەرچیاکە دابەزاندوەتەوە خوارەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی تورکیاوە ئەوە شەشەمین خاڵی چاودێریی ئەو وڵاتەیە کە لەسەر چیاکان و شوێنە دیارەکانی سنوری قەزای زاخۆ جێگیر دەکرێن.

بە گوێرەی زانیارییەکان چیای شاقۆڵ بۆ هێزی سەربازی تورکیا خاڵێکی گرنگ بووە کە بتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات، چونکە چیایەکی بەرزە و دەتوانێت لەو خاڵەوە ئاستی چاودێری هێزەکانی زیاتر بکات، لەو پێناوەشدا ئەمشەوە لە رێگەی هەلیکۆپتەرەوە هێزی بۆ سەر چیاکەوە هێناوە و خاڵی چاودێری تێدا جێگیرکردوە.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه‌) رایگه‌یاند كه‌ له‌ چه‌ند چالاكییه‌كه‌دا هه‌شت سه‌ربازی سوپای توركیایان كوشتوه‌ و دوو خه‌نده‌قی ئه‌و سوپایه‌شیان خاپور كردوه‌.


PM:03:59:11/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 1500 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت