نزيكه‌ی 300 پێشمه‌رگه فه‌سڵ ده‌كرێن
وێستگەنیوز-
نزیكه‌ی 300 پێشمه‌رگه فه‌سڵ ده‌كرێن و موچه‌ی چه‌ند مانگێكیشیان پێ‌نادرێت، به پاساوی به‌جێنه‌هێنانی ئه‌ركه‌كانیان و پابه‌ند نه‌بون به ده‌وامه‌وه، كه به‌شێكیان هۆكاره‌كه‌ی بۆ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ده‌گه‌ڕێننه‌وه.
حه‌مید ره‌شۆ، دواى زياتر له پێنج ساڵ پێشمه‌رگایه‌تی موچه‌كه‌ی بڕاوه، بە ماڵپەڕی كه‌ركوك ناوی راگەیاندوە، "پێش قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ منداڵێكم نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كرا، بۆیه ماوه‌یه‌ك نه‌چومه‌وه ده‌وام و دواتر قه‌ده‌قه‌ی هاتوچۆ بوو، بۆیه دابڕام و له‌به‌رانبه‌ردا موچه‌كه‌یان بڕیم".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "شه‌ش مانگه موچه‌ی من بڕاوه، له‌كاتێكدا بارودۆخێكی خێزانیم هه‌بووه و دواتر رێگای شنگال و هه‌رێمی كوردستان نه‌بوو تا بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ده‌وام" حه‌مید وای وت، كه له كه‌مپی خانكێی دهۆك نیشته‌جێیه و ئێستا سه‌رقاڵی كرێكارییه.
له چه‌ند مانگی رابردووه‌وه تائێستا، ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی فه‌رمانده‌یی شنگال تایبه‌ت به پاراستنی مه‌زارگه‌ی شه‌ره‌فه‌دین موچه‌ی مانگانه‌یان بڕاوه و به‌شێكیشیان فه‌سڵكراون، كاتێك به‌هۆكاری جیاواز له نێویاندا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ نه‌یانتوانیووه ده‌وام بكه‌ن.
له ئاداری 2020ـه‌وه هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان هاتوچۆیان له نێوان شار و پارێزگاكاندا راگرت له چوارچێوه‌ی رێكاره‌كانی خۆپارێزی و رێگری له بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا.
ئه‌و هێزه‌ی پێشمه‌رگه كه ئه‌ركه‌كه‌یان له مه‌زارگه‌ی شه‌ره‌فه‌دینه له شنگال، له دوای هێرشه‌كانی 2014ی داعشه‌وه پێكهێنران به فه‌رمانی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پێشوی هه‌رێمی كوردستان، موچه‌ی مانگانه‌یان سه‌ره‌تا 300 دۆلار بووه و ئێستا كه‌مكراوه‌ته‌وه بۆ 200 دۆلار.
لای خۆیەوە خالد قاسم، پێشمه‌رگه له فه‌رمانده‌یی شنگال باسی لەوەکردوە، "من ماڵم له شنگاله و ده‌وامی خۆم ده‌كه‌م، بۆیه موچه‌م وه‌رگرت به‌ڵام ده‌یان پێشمه‌رگه‌ی تر له كه‌مپه‌كانی دهۆكه‌وه نه‌یانتوانی بێنه ده‌وام موچه‌یان بڕا، ئه‌وه‌ش غه‌درێكی گه‌وره‌یه چونكه به ئه‌نقه‌ست نه‌بووه و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ وایكردووه ئه‌ركه‌كانیان به‌جێنه‌هێنن"
فه‌رمانده‌یی شنگال سه‌ر به یه‌كه‌ی 8ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یه، سه‌ره‌تا له هه‌شت هه‌زار پێشمه‌رگه پێكهاتبون و ئێستا ته‌نیا سێ هه‌زاریان ئه‌ركه‌كانیان له مه‌زارگه‌ی شه‌ره‌فه‌دین_ـه له قه‌زاكه.
قاسم دربۆ، لێپرسراوی جموجۆڵ له فه‌رمانده‌یی شنگال رایگەیاند، "له‌ماوه‌ی رابردودا 200 تا 300 پێشمه‌رگه فه‌سڵكراون به هۆكاری جیاجیا، هه‌ندێك له‌وانه ده‌وامیان نه‌كردوه یان دوای نه‌مانی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ ده‌وام و موچه‌یان بڕاوه".
ئه‌و لێپرسراوه‌ی پێشمه‌رگه گرتنه‌به‌ری رێكار به‌رانبه‌ر پێشمه‌رگه‌كان به "ئاسایی" ناوده‌بات و رونیشیكرده‌وه "هه‌ركه‌سێك ده‌وام نه‌كات و نه‌گه‌ڕێته‌وه فه‌سڵده‌كرێت، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك حه‌فته‌یه‌ك یان 10 رۆژ دوابكه‌وێت كێشه نییه به‌ڵام نه‌ك زیاتر له مانگێك نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌وام".
فه‌رمانده‌یی شنگال، له دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ـه‌وه ژماره‌یان بۆ چوار هه‌زار كه‌س كه‌مكرایه‌وه، له‌و ژماره‌یه‌ش دوو هه‌زاریان خرانه سه‌ر فه‌رمانده‌یی دهۆك و دوو هه‌زاریان بۆ مه‌زارگه‌ی شه‌ره‌فه‌دین.
به‌وتیه قاسم دربۆ ئه‌و دوو هه‌زار كه‌سه دواتر زیاد كرا بۆ سێ هه‌زار پێشمه‌رگه، كه ئێستا ئه‌ركه‌كانیان له‌و مه‌زارگه‌یه‌یه، به موچه‌ی مانگانه‌ی 200 دۆلار.
PM:10:34:09/07/2020
ئه‌م بابه‌ته 15448
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت