ئاواره‌ سورییه‌كان كچه‌ منداڵه‌كانیان له‌پێناو پاره‌ و ژیان له‌ پیاوه‌ توركه‌كان ماره‌ ده‌كه‌ن

‌وێنە..گێتی

وێستگه‌ نیوزـ

ڤایرۆسی‌ كۆرۆناوە قه‌یرانی ئابوریی له‌ زۆر وڵات و ناوچه‌دا دروستكردوه‌، كاریگه‌رییه‌كه‌شی زیاتر له‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌ژارن، له‌نێو هه‌ژاره‌كانیشیدا ئاواره‌كان كه‌ هیچ رێگه‌ چاره‌یه‌كیان نییه‌.

به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانه‌وه‌، خێزانە سورییەكانی ئاواره‌ی توركیا، كچە منداڵەكانیان لە پیاوانی‌ تورك مارە دەكەن ئەوەش لەپێناو دەستكەوتنی‌ پارە، چالاكوانانی‌ رێكخراوەكانی‌ مافی‌ مرۆڤیش هۆشداری‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ دەدەن.  
  
بەپێی‌ ڕاپۆرتێكی‌ "ECPAT" كە تۆڕێكی‌ ڕێكخراوەكانە و كار بۆ كۆتایهێنان بە قۆرغكردنی سێكسی‌ منداڵان دەكەن و ڕۆژنامەی‌ "ئینیپێندێنت"ی‌ بەریتانی‌ بڵاویكردوەتەوە، مارەكردنی‌ منداڵە كچە پێنەگەیشتوەكان لە پیاوانی‌ تورك میکانزمێکی‌ نوێی‌ ئابورییە بۆ خێزانە سورییەكان كە هیچ ڕێگەیەكی‌ تریان بۆ پەیداكردنی‌ پارە و بەخێوكردنی‌ منداڵەكانیان نییە.  
  
راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت توركیا زۆرترین منداڵی‌ ئاوارەی‌ لە جیهاندا تێدایە و منداڵە كچەكان مەترسی‌ ئەوەیان لەسەرە كە بە زۆر بدرێن بە پیاوان و بازرگانیان پێوە بكرێت و لەڕووی‌ سێكسیەوە قۆرغ بكرێن.  
  
ئیزگی‌ یەمان، ئەمینداری‌ تۆڕەكە لە توركیا دەڵێت، گوێبیستی‌ ئەو هەواڵانە بوون كە باس لەوە دەكەن خێزانە سوریەكان منداڵە كچەكانیان دەفڕۆشن له‌پیاوانی تورك ماره‌یان ده‌كه‌ن، جا بە فەرمی‌ بێت یاخود نافەرمی‌، هەندێك جار دەبنە ژنی‌ دووەم و سێیەمی‌ پیاوانیش، ئەوەش بەهۆی‌ كێشەی‌ ئابوریەوە كە منداڵەكانیان بۆ بەخێو ناكرێت.  
  
ئاماژەی‌ بەوەشداوە، منداڵە كچە سورییه‌كان بۆ هاوسەرگیری‌ نمایشكراون ئەوەش بۆ ئەوەی‌ خێزانەكانیان پارەیان دەستكەوێت تا بتوانن كرێ خانوی‌ پێ دابین بكەن، ده‌شڵێت ئاگاداری‌ ئەوەشن كە چەندین خێزان نەیانتوانیوە كرێكەیان بدەن و پێشنیازی‌ ئەوەیان كردوە لەبری‌ كرێ كچەكەیان به‌ خاوه‌ن خانوه‌كه‌ بده‌ن.   


PM:04:11:09/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 3420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت