سەبارەت بەچۆنیەتی بۆرییە ئاوە تەقیوەكەی سلێمانی روونكردنەوە دەدرێت


وێستگە نیوز-

بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی رایدەگەیەنێت، نەك یەك ئەندازیاری خانەنشینكراویان رۆڵی لەزوو چاككردنەوەی بۆرییە تەقیوەكەی وێستگەی ئاوی سەرچناردا نەبووە، بەڵكو تەواوی كارمەندانیان بەشداربوون.

سەرلەبەیانی ٥/٧/٢٠٢٠ بۆرییەكی گوێزەرەوەی ئاو لە ناو پڕۆژەی ئاوی سەرچنار تەقی و سەرەتا بڕیاربوو لەماوەی 10 رۆژدا چاك بكرێت كە بەهۆیەوە نیوەی گەڕەكەكانی سلێمانی بێ ئاو دەبوون، بەڵام دواتر توانرا لەماوەیەكی كەمدا بۆرییەكە چاك بكرێتەوە.

سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی رایگەیاندووە، جگە لەكارمەندانی پڕۆژە، یەكەم كەسانێك گەیشتینە پڕۆژە بەندە و ئەندازیار ڕزگار عەلی و دواتریش پارێزگارو بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی و لەسەر داوای بەڕێوەبەر، ئەندازیاری كارەبا عەبدوڵا  عەلی.

ناوبراو وتویەتی "لەسەر داوای ئەندازیاری كارەبا كە خانەنشین بووە لە ١/٧/٢٠٢٠ پێی باشە هەندێك كەناڵی ڕاگەیاندن وا بانگەشە دەكەن كە ناوبراو  بۆری چاككردوەتەوەو هەموو كارەكانی ڕاپەڕاندووە كە ڕاستیەكەی ئەویش یەكێكە لەو هەموو كارمەندە لە خۆبووردوانەیە كە بەورئاسا قۆڵی مەردایەتی هەڵماڵی بوو بۆ زووتر گێڕانەوەی ئاو بۆ هاوڵاتیان نەك كۆی پرۆسەكە".

سەربەست عوسمان ئاماژەی بەوەكردووە "لەبەر ئەوەی لە هیچ ئاستێك بە ڕەسمی دەستخۆشی لە كارمەندەكانمان نەكرا ناچار خۆم وەك بەڕێوەبەر سوپاسی بێ پایانم ئاراستەیان بكەم داوا لەیەزدان بكەم لەشساغ و سەرفراز بن، هەر وا هەڵوێستی مەردانەو جوامێرانەتان لێ چاوەڕێ دەكەم، داواكارین لە وەزیری دارایی، ئەو بڕە پارەیەمان بۆ دابین بكات، چونكە زیانێكی بەرچاو گەیشتووە بە پڕۆژەو ئەگەر زوو چاك نەكرێنەوە گرفتی كەم ئاوی دروست دەبێت".


AM:11:35:08/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت