شەپۆلی کۆچبەران بەرەو یۆنان بۆ نیوە کەمیکردووە

‌وێنە..گێتی

وێستگه‌ نیوز-

لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ئەمساڵ، شەپۆلی کۆچبەران و پەنابەران بۆ دورگەکانی یۆنان بەڕێژەی‌ 51% کەمیکردووە بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2019، ئەوەش بەپێی داتایەکی وەزارەتی کۆچی یۆنان.

ستیلیۆس پێتساس، وتەبێژی حکومەتی‌ یۆنان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داتاکەی‌ ئاشکرا کرد و وتی، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ شەپۆلی کۆچبەران لە سەرانسەری وڵات بەڕێژەی‌ 46% کەمیکردووە، بەڵام بۆ دورگەکان 51%یە.

هەر بەپێی قسەکانی ستیلیۆس، لە دووەم چارەکی ئەمساڵ، واتە مانگەکانی نیسان تاوەکو حوزەیران، شەپۆلەکە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی 209 بەڕێژەی‌ 92% کەمیکردووە.

بە پێچەوانەوە، یەکلاییکردنەوە و بڕیاردان لەسەر داواکاری مافی پەنابەرێتی پەناخوازان بەڕێژەی‌ 88% زیادی کردووە، بۆ نمونە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڕیار لەسەر زیاتر لە 46 هەزار داواکاری مافی پەنابەرێتی دراوە، بەڵام لە هەمان کاتی ساڵی ڕابردوو (2019)، ژمارەکە زیاتر لە 24 هەزار بووە.

هاوکات ئەو داواکارییانەی کە چاوەڕێی پێداچوونەوە بوون کەمیکردووەتەوە بۆ 101 هەزار، بەڵام لە سەرەتای ساڵی 2019 ژمارەکە 140 هەزار بووە و چاوەڕێی یەکلایی کردنەوەیان کردووە.


AM:10:18:08/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 2724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت