سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق به‌رپرسێكی دیكه‌ی له‌ پۆسته‌كه‌ی لابرد


وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق سه‌رۆكی سندوقی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌تی ناوچه‌ رزگاركراوه‌كانی له‌ پۆسته‌كه‌ی لابرد و یه‌كێكی دیكه‌ی له‌جێگه‌ دانا.

مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ فه‌رمانێكدا كه‌ به‌رواری 5ی ته‌مموزی له‌سه‌ره‌، ره‌زامه‌ندیی ده‌ربڕیووه‌ به‌ لابردنی مسته‌فا محه‌مه‌د ئه‌مین هیتی، وه‌ك سه‌رۆكی سندوقی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ رزگاركراوه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش.

كازمی له‌ بری ناوبراو محه‌مه‌د هاشم عانی، وه‌ك سه‌رۆكی نوێی سندوقه‌كه‌ په‌سه‌ند كردوه‌ و هۆكاری ئه‌م بڕیاره‌شی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌.

دوای داگیركردنی چه‌ند شار و ناوچه‌یه‌كی عیراق له‌ده‌ستی رێكخراوی داعش، ئه‌و شار و ناوچانه‌ زیانێكی زۆریان به‌ركه‌وت و دوای رزگاركردنه‌وه‌شی له‌ ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌، سندوقێك بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی دانرا.


AM:09:19:08/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 3168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت