گۆڕان روونكردنەوە لەسەر گۆڕینی پارێزگاری سلێمانی دەدات


وێستگە نیوزـ پشتیوان جەمال
بزووتنەوەی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت، هیچ پلانێكیان بۆ گۆڕینی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی نییە و ناوبراو لەشوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە.


رۆژنامەنووسی یەكێتی بەهێز حسێن لەوتارێكدا كە لەبەشی وتاری وێستگە نیوز بڵاوكراوەتەوە رایگەیاندووە "زانیاری ئەوەم هەیە كە بزووتنەوەی گۆڕان خۆیان دەیانەوێت د. هەڤاڵ ئەبوبەكر لەپۆستی پارێزگاری سلێمانی دوور بخەنەوە، بەڵام لە ئێستادا كاك هەڤاڵ ئەدایەكی باشی هەیە و باوەڕ ناكەم چەند بەرپرسێكی گۆڕانی لێدەربچێت خەڵكی سلێمانی و لایەنەكان بە یەكێتیشەوە گلەییان لێی هەبێت، بۆیە مانەوەی باشترە و هەركێش لەئێستادا بچێتە شوێنەكەی ئەو یان هەر بەرپرسێكی ئیداری تر لە پارێزگا و قەزا و ناحییەكان لەمانەی ئێستا كە دەیكەن زیاتریان پێناكرێت".

لەو بارەیەوە سەرچاوەیەك لە جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بە وێستگە نیوزی راگەیاند، نە لەكۆبوونەوە باڵاكان و نە لەكۆبوونەوە لاوەكییەكانی بزووتنەوەكەیان لەگەڵ یەكێتیدا بەهیچ شێوەیەك باسی گۆڕینی پارێزگاری سلێمانی نەكراوە و ئەو زانیارییەش راست نییە.

هەفتەی رابردوو شاندی باڵای یەكێتی بەسەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی سەردانی مەكۆی سەرەكی گۆڕانیان كرد و لەگەڵ شاندی باڵای گۆڕان بەسەرۆكایەتی عومەری سەید عەلی، رێكخەری گشتی گۆڕان كۆبوونەوە.

ئەو كاتە سەرچاوەیەك لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەوێستگە نیوزی راگەیاند، بەنیازی ئاڵوگۆڕی پۆستی ئیدارین، بەڵام ئەو گۆڕانكارییانە پارێزگاری سلێمانی ناگرێتەوە.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، وەك كاندیدی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە بەهاری 2014دا زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا و لەكۆتایی 2017ەوە پارێزگاری سلێمانییە.

هــ. ر


PM:01:38:07/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 6376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت