کازمی: رێگە نادەین ئۆپەراسیۆنەکانی کوشتن بگەڕێنەوە سەر شانۆی عێراق


وێستگەنیوز-
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەرەخۆشی لە هاوڕێ و کەسوکاری هیشام هاشمی دەکەن کە ئێوارەی ئەمڕۆ بە دەستڕێژی گولە لە بەغدا کوژرا و بەڵینی ئەوەش دەدەن کە بکەرانی ئەو کارە بە سزای یاسایی بگەیەنن، هەروەها رێگە نادەن ئۆپەراسیۆنەکانی کوشتن بگەڕێتەوە سەر شانۆی عێراق.

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، چاودێری سیاسی و شارەزایی ئەمنی دکتۆر هیشام هاشمی، یەکێک بو لەو کەسانەی راوێژی لەگەڵ دەکرا و لەشەڕی رووبەرووبوونەوەی داعشدا پشتیوانێکی بەهێزی سوپای عێراق بوە، هەروەها رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە گفتوگۆ سیاسی و ئەمنییەکان کە لە ناوەندی بڕیاری عێراقدا ئەنجام دەدران و سەرەخۆشی لە هاوڕێ و کەسوکاری دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەڵێنی دەدەن بکەرانی ئەو تاوانە بە سزای یاسایی بگەیەنن و رێگەش نادەن جارێکی دیکە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی هاوڵاتیان بگەڕێتەوە گۆڕەپانی عێراق، هێزە ئەمنییەکانیش لە بەرەنگاربونەوەی تاوانباران کەمتەرخەمی ناکەن.

سەرۆک وەزیران ئەوەشی خستوەتەڕو، کار دەکەن بۆ هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا و نابێت هیچ هێزێکی چەکداری لە دەرەوەی یاسا هەبێت.

هیشام هاشمی، چاودێری سیاسی و ئەمنی دیاری عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ دەستڕێژی گولەی لێکرا و لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لەناوچەی زیونەی رۆژهەڵاتی بەغدا کوژرا، ئەو روداوەش کاردانەوەی سەرکردەکانی عێراق و ناوەندە زانستی و رۆژنامەنوانییەکانی لێکەوتوەتەوە و ئیدانەی ئەو رەفتارە دەکەن.


PM:11:18:06/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 2772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت