پۆلیسی هەولێر: 6 کەسمان دەستگیرکرد کە هەوڵی دزیکردنیان دابوو


وێستگەنیوز-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە شەش کەس بە تۆمەتی دزیکردن و هەوڵدان بۆ کوشتنی خانەوادەیەک لە گوندی لاجان لەسەر رێگای گوێڕ دەستگیرکران و تۆمەتباران دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، زانیاریی وردیان کۆکردوەتەوە كە شەش كەس بە ناوەكانی (ئ.ئ.س) و (هـ.ح.ع) و (م.ئ.م) و (م.م. ر) و (ت.رم) و (ش.ر.م) رێككەوتبوون كە لە گوندی لاجان لەسەر رێگای گوێڕ لە ئۆپەراسیۆنێکی هەڵکوتانەسەر بە چەک، هەڵبكوتنە سەر ماڵی هاووڵاتییەك بە ناوی (ف.ا.ا) و ویستبوویان پارەی لێ بدزن و دواتریش بیكوژن.

ئەوەش هاتوە، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دەستبەجێ چەندین تیمی تۆكمە لە هێزەكانی پۆلیس پێك هێنرا و توانرا بە کەمتر لە 6 کاتژمێر، سەرجەم تۆمەتبارەکان دەستگیر بكرێن، هەروەها دەست گیرا بەسەر چەکێکی کڵاشینکۆف و دەمانچەیەک و کۆمەڵێک ماددەی بێهۆشکەر و کەلەپچە و لەزگەی دەمبەستن بۆ ئەوەی خانەوادەکەی پێ بێهۆش بکەن لەگەڵ چەندین کەلوپەلی دیکەدا.

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردوە، تۆمەتباران دانیان نا بە تاوانەکەدا بۆیە بەپێی ماددە (55) لە یاسای سزادان بەند کران.


PM:09:42:06/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 1784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت